بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرچاوەیەکی ئەمنی ئێرانی ئەمڕۆ چوارشەممە 4 ی تشرینی یەکەمی 2023 بە کەناڵی المیادین ی ڕاگەیاندووە کە زانیاری و وێنەی نهێنی لە نووسینگەی بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی دەستکەوتووە.
ئەو سەرچاوە ڕایگەیاندووە کە زانیاری تایبەت لە لیستی ئەو پەیامنێرە بیانییانەی کە لە نووسینگەی نتانیاهۆ بەرتیلیان وەرگرتووە، دەستکەوتووە، ئەمەش لیستی پەیامنێرانی ئەورووپی، ئەمریکی و زایۆنیستی لە خۆ دەگرێت و سەرجەم زانیارییە تایبەتەکان و ئەو پارەیە کە وەریانگرتووە، تێیدا هاتووە.
بە وتەی ئەو سەرچاوە ئەمنییە، هەروەها لیستێک لە زانیاری و وێنەی تایبەتی نەیارانی نتانیاهۆ کە لای خۆی بووە، بە تایبەت ئیهود باراک، بەنی گانتز، ئیهود ئۆڵمرت و ….. کەوتووەتە دەستی دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.
ڕاشیگەیاندووە کە سەرجەم وێنە تایبەتەکان و دۆسیە نهێنییەکان لە ڕێگای ئامێرێکی ئەلیکترۆنییەوە لە نووسینگەی نتانیاهۆ براوەتە دەرەوە و ئێستا لای دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و بڵاو دەبێتەوە.
لە هەفتەی ڕابردوودا سەرچاوەیەکی میدیایی لە ڕژێمی زایۆنیستی هەواڵی کەلێنێکی ئەمنی مەترسیداری لە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئەو ڕژێمە لە قودسی داگیرکراو بڵاوکردەوە./.