بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە چاوپێکەوتنی میوانانی بەشدار لە کۆنفرانسی یەکڕیزی ئیسلامی بە بۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری گەورەی ئیسلام (د.خ) وتیان: ئەمڕۆ دوژمنایەتییەکان لە گەڵ ئیسلام ئاشکراتر بووە، نموونەیەکی ئەمەش، سووکایەتیکردنە بە قورئانی پیرۆز، کارێک کە لە لایەن نەزانێکەوە دەکرێت و حکومەتێک پاڵپشتی لێدەکات. ئەمەش پیشان دەدات کە ئەمە تەنیا سووکایەتیکردنێک نییە. قسەی ئێمە لە سەر داڕێژەرانی ئەم پیلانەیە، ئەوان هەست بەوە دەکەن کە دەتوانن لەم ڕێگایەوە قورئان لاواز بکەن، بەڵام لە هەڵەدان و تەنیا ڕواڵەتی خۆیان ناشیرین دەکەن.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران سەبارەت بە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی گەلی فەڵەستین و ناوچەکە بە گشتی، وتیان: ڕژێمی زایۆنیستی سەرتاسەر ڕق و کینە بەرامبەر بە هەمووان. نەک ئەوەی کە تەنیا بۆ ئێمە وابێت، ئەو ڕژێمە تەنانەت بۆ وڵاتانی میسر و عێراق و سوریاش وایە. هۆکارەکە چییە؟ ئەوەیە کە ئامانجی ئەوان لە نیل تا فۆراتە و ئەمە شکستی هێناوە. ئەو ڕژێمە بە پێی فەرموودەی قورئان هەر لە توڕەیی خۆیدا دەمرێت.
بەڕێزیان وتیان: بۆچوونی هەمیشەیی و نەگۆڕی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوەیە کە ئەو حکومەتانەی کەوتوونەتە قوماری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی، زیان دەبینن و دۆڕان چاوەڕوانی ئەوان دەکات و تووشی هەڵەیەکی گەورە بوون. بە وتەی ئەورووپییەکان لە سەر ئەسپی دۆڕاو مەرج دەبەستن. ڕژێمی زایۆنیستی ئەمڕۆ لە بارودۆخێکدا نییە کە هەوڵی نزیکبوونەوە لەو بدرێت، نابێت ئەم هەڵەیە بکەن.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وتیان: ئەمڕۆ شۆڕشی گەلی فەڵەستین زیاتر لە حەفتا – هەشتا ساڵی ڕابردوو بەهێزترە و گەشەی کردووە. ئەمڕۆ گەنجانی فەڵەستینی زیاتر لە هەموو کاتێکی دیکە و بە ورەیەکی زیاترەوە خەباتی دژ بە ڕژێمی زایۆنیستی دەکەن و بە یارمەتی خودای گەورە سەرکەوتن بۆ ئەوان دەبێت. ڕژێمی زایۆنیستی بە وتەی حەزرەتی ئیمام خومەینی (رە) شێرپەنجەیەکە لە ناوچەکە و بە دەستی خەڵکی فەڵەستین و هێزەکانی خۆڕاگری لە ناوچەکە ڕیشەکێش دەکرێت./.