بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆبوونەوەی لە گەڵ بەشداربووانی فێستیڤاڵی ” میدیای هەتاو “، وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران لەو بڕوایەدایە کە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ژنان وەک ئامرازێک کەڵک وەردەگرن و گرنگی بە شووناس و پێگەی ژنان نادەن. تێڕوانینی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە سەر ژنان وەها نییە و جیاوازە و تێڕوانینێکی سێهەمە، بە واتایەکی دیکە، دوو تێڕوانینی ڕۆژئاوا و ئەوەش کە دەڵێت ژنان دەبێت هەر لە ماڵەوە بن، ڕەتدەکاتەوە.
ناوبراو وتی: ژنان دەتوانن لە گەڵ پیاوان سەرچاوەی پێشکەوتن و دەسکەوت بۆ کۆمەڵگا بن، ژنان لە ماڵەوە و لە کۆمەڵگا دەتوانن ڕۆڵی گرنگیان هەبێت.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: وڵاتانی ڕۆژئاوا مافی ژنان وەک ئامرازێکی گوشارخستنە سەر وڵاتانی سەربەخۆ بەکار دێنن، ئەوان لایەنگری مافی ژنان نین، پێشێلکردنی مافی ژنان و مرۆڤ بە گشتی لەو وڵاتانە دەبینرێت، ئێمە بەرگری لە مافی مرۆڤ دەکەین و وڵاتانی ڕۆژئاوا تۆمەتبارن بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و دەبێت وەڵامی ئەوە بدەنەوە کە بۆ مافی مرۆڤ پێشێل دەکەن.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: 70 ساڵە فەڵەستینیان داگیر کردووە، 20 ساڵ لە ئەفغانستان بوون و ئەنجامێکی بۆ خەڵکی ئەم وڵاتە نەبوو. لەم پرسەدا و لە پرسەکانی دیکەی کۆمەڵگای مرۆیی لەو بڕوایەداین کە هەژموونێکی میدیایی هەیە و ڕاست دەکاتە ناڕاست و ناڕاست بە ڕاست و وەک ماف پیشان دەدات، ڕاستییەکان باس ناکەن یان بە پێچەوانەوە پیشانی دەدەن، هەواڵە ڕاستەکان سەرکوت دەکرێن و زانیارییەکان لە چوارچێوەی خوازراوی خۆیاندا باس دەکەن.
ناوبراو جەختی لە سەر هاوکاری میدیا سەربەخۆکان بۆ ڕوونکردنەوەی تاوانەکانی ئەمریکا کە بە ناوی ئازادی و مافی مرۆڤەوە دەکرێت، وتی: سووکایەتی و بێڕێزی بە قورئانی پیرۆز بە ناوی ئازادی ڕادەربڕینەوە دەکەن، لە کاتێکدا کە ئەمە هەنگاوێکە لە دژی مافی مرۆڤ. نابێت موڵەتی ئەوە بدرێت کە میدیاکانی ڕۆژئاوا کاریگەری لە سەر بیر و بۆچوونی خەڵک درووست بکەن. وڵاتانی ڕۆژئاوا بیر و بۆچوونی ئازادیان ناوێت بەڵکوو بیر و هزرێکیان دەوێت کە لە خزمەت ڕەوتی ستەمکاری جیهانیدا بێت./.