بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدولباری عەتوان لە نوێترین نوسینیدا شرۆڤەی کردەوە تیرۆریستییەکەی پایتەختی تورکیای کردووە و ڕایگەیاندووە کە دوایین شت کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بە هۆی ئەو هەموو قەیران و کێشە و گرفتانەی پاش سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا چاوەڕوانی دەکرد، تەقینەوەی تیرۆریستی بوو کە ڕۆژی یەک شەممە لە بەردەم وەزارەتی ناوخۆ و لە چەند مەتری نزیک پەرلەمان ڕوویدا کە ئەردۆغان بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی لەوێ بوو.
عەتوان ڕایگەیاندووە کە تەقینەوەکەی ئەنکەرە لە کاتێکدا ڕوویداوە کە قەیرانی ئابوری لە تورکیا پەرەی سەندووە و بەهای لیر دابەزیوە و ڕێژەی هەڵئاوسان بەرزتر بووەتەوە. بەدەر لەمەش دەسدرێژی و هێرشی ڕەگەزپەرستانە لە دژی گەشتیارانی عەرەب لە خاکی تورکیا دەکرێت و ئەمەش لە کاتێکدایە کە گەشتیاری بووەتە سەرچاوەی داهاتی 60 ملیار دۆلاریی ساڵانە بۆ کەرتی ئابوری تورکیا.
عەتوان ڕایگەیاندووە کە تەقینەوەکەی ئەنکەرە لە کاتێکدا بووە کە پایتەختی تورکیا لە ماوەی 6 ساڵی ڕابردوو لە ئارامیدا بووە و دوایین تەقینەوەش لە بەرواری 5 ی کانوونی دووەمی ساڵی 2017 بووە. ئەڵبەت نزیکەی یەک ساڵ پێش ئەوەش تەقینەوەیەکی تیرۆریستی لە شاری ئیستەنبووڵ وەک پایتەختی ئابوری و گەشتیاری تورکیا بووە هۆی کوژرانی 6 کەس و برینداربوونی 81 ی دیکە.
ڕاشیگەیاندووە کە پەکەکە بەرپرسیاریەتی تەقینەوەکەی لە ئەستۆ گرتووە بەڵام دوور نییە کە لایەنەکانی دیکە کە ئەمریکا پشتیوانییان دەکات لەم تەقینەوەدا ڕۆڵیان هەبێت. پەیوەندییەکانی ئێستای ئەمریکا و تورکیا هێندە بەهێز نییە، لە بەر ئەوەی کە پەیوەندی دۆستانەی ئەردۆغان و سەرۆک کۆماری ڕووسیا بە دڵی واشنتن نییە.
ئەو شرۆڤەکارە عەرەبە ڕایگەیاندووە کە جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە دانیشتنی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک ڕەتکردەوە لە گەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا کۆببێتەوە و ئەمەش بە هەمان شێوە لە کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی گرووپی 20 لە پایتەختی هیندستان دووبارە کرایەوە. ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە تەقینەوە گرنگەکەی ئەنکەرە یەکەم پەیام و ئامرازی گوشاری ئەمریکا لە سەر ئەردۆغان بێت کە ئەمەش پەیوەندی بە شەڕی ئۆکراینا و نزیکبوونەوەی ئەنکەرە و مۆسکۆ و هەروەها دژایەتی تورکیا بۆ ئەندامبوونی سوید لە ڕێکخراوی ناتۆ هەیە.
عەتوان ڕایگەیاندووە کە پرۆژە ئابورییەکەی بایدن کە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی گرووپی 20 بە ئامانجی پەیوەندی هیندستان و ئەورووپا لە ڕێگای هێڵی ئاسنەوە بە تێپەڕبوون لە وڵاتانی کەنداوی فارس، ئەردەن و ڕژێمی زایۆنیستی خرایەڕوو، بە گشتی تورکیا و وڵاتانی وەک میسر، عێراق و سوریا لە بەرچاو نەگرتووە.
عەبدولباری عەتوان بە ئاماژە بەوەی کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە یەکەم کاردانەوەی بەرامبەر بە تەقینەوە تیرۆریستییەکەی ئەنکەرە، وەک دوایین هەناسەکانی تیرۆریزم ناوی بردووە، ڕایگەیاندووە کە ڕەنگە ئەمە گەشبینی بێت و ئەگەری ئەوەش هەیە کە بە زیاتربوونی ئاڵۆزییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا زنجیرە کردەوەیەکی تیرۆریستی هەبێت، بە واتایەکی دیکە دەتوانرێت ئەم تەقینەوە بە دەستپێکی کۆمەڵە هەنگاوێکی تیرۆریستی پاڵپشتیکراوی ئەمریکا لە دژی ئەنکەرە ناو ببەین.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە کاردانەوەی ئەردۆغان لە بەرامبەر ئەم کردەوە تیرۆریستییە دەتوانێت خێرابوونی هاوکارییەکان لە گەڵ سوریا و ئێران و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ چین و ڕووسیا بێت. بەشار ئەسەد ئامادەیی خۆیی بۆ کۆبوونەوە لە گەڵ ئەردۆغان و هاوکاریکردنی تورکیا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم ڕاگەیاندووە تا بەمەش پەیوەندییەکانی نێوان سوریا و تورکیا بگاتە دۆخی ئاسایی، بە مەرجێک کە سەرۆک کۆماری تورکیاش هێزەکانی لە باکوری سوریا بکشێنێتەوە، مەرجێک کە لە ڕووی یاساییەوە مافی سوریایە و تورکیا بە وڵاتێکی داگیرکار دەناسرێت.
ئەو شرۆڤەکارەی جیهانی عەرەب ڕایگەیاندووە کە ڕەنگە تورکیا ڕوبەڕوی شەپۆلێکی نوێی تەقینەوەکان بە ئامانجی تێکدانی ڕەوشی ئەمنی و ناسەقامگیری و یانگەیاندن بە کەرتی گەشتیاری ئەم وڵاتە بێت کە داهاتی ساڵانەی 60 ملیار دۆلار بۆ کەرتی ئابوری دەبێت. ئەمەش پێویستی بە گۆڕینی هەندێک سیاسەتی تورکیا و قبووڵکردنی گۆڕانکارییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بێت. لە لایەکی دیکەوە پێویستی بەوە هەیە کە تورکیا گرنگی بە وڵاتانی دراوسێ بدات نەک ڕژێمی زایۆنیستی.
عەتوان لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە کە چارەسەرێکی دیکەی ئەم کێشەیە، گەڕانەوەیە بۆ ڕێکەوتنی پێشووی نێوان تورکیا و سوریا کە لە لایەن ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیاشەوە پێشنیار کراوە. ڕێکەوتنێک کە ئامانجەکەی ڕێکخستنی هاوکارییە ئەمنییەکانی نێوان ئەنکەرە و دیمەشق بە تایبەت لە هێڵی سنوریی نێوان هەر دوو وڵاتە./.