بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا ڕایگەیاند کە شەڕی ئەم وڵاتە هێشتا کۆتایی نەهاتووە و خەڵک کێشەی داراییان هەیە.
سەرۆک کۆماری سوریا لە چاوپێکەوتنی کەناڵی چینی CCTV، وتی: شەڕ کۆتایی نەهاتووە و ئێمە لە ئێستادا لە شەڕداین، بەڵام من دەمەوێت بڵێم کە سوریا وەک پێگەیەکی جوگرافی بە درێژایی مێژوو و لەو کاتەوە کە مێژوو نووسراوە، بەردەوام شوێنی هێرشکردنە سەر بووە. هەر جار کە داگیرکارێک هاتووە و شارەکانی سوریای ڕووخاندووە، ئەمە مێژووی وڵاتی ئێمەیە، سەرەڕای ئەمەش سوریا هەموو کات خۆیی ئاوەدان کردووەتەوە، بێگومان گەلی سوریا دەتوانن کاتێک شەڕ کۆتایی دێت و گەمارۆکان تەواو دەبن، وڵاتی خۆیان دیسانەوە ئاوەدان بکەنەوە.
بەشار ئەسەد وتی: ناوچەی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لە لایەن تیرۆریستانەوە داگیر کراوە، هەمان ئەو شوێنەیە کە ئەمریکییەکان دەستیان بە سەردا گرتووە. هەر بۆیە کێشەکە تەنیا دزی نییە بەڵکوو هاوبەشی لە گەڵ تیرۆریستانە بۆ دابەشکردنی قازانجەکان. ئەمە ڕاستییەکە کە وڵاتێکی گەورە بە ناوی ئەمریکا هاوبەشی تیرۆریستانە و ئەمەش لە سوریا دەبینرێت.
ناوبراو وتی: دۆخی سوریا لە ئێستادا باش نییە یان ڕەنگە بڵێم خەراپە، ئەگەر ڕاشکاوانە بڵێم ئەوەیە کە دۆخەکە باش نییە و خەڵک کێشەی بژێوی ژیانیان هەیە، کێشەکەش پەیوەندی بە دۆخی ئابورییەوە هەیە.
سەرۆک کۆماری سوریا وتی: ئەگەر ئاوەدانکردنەوە دەست پێبکات سوریا داهاتوویەکی زۆر گەورەی دەبێت. من لە ئێستادا باس لە گریمانە و پێشبینییەکان ناکەم، بەڵکوو باس لە دۆخی پێش شەڕ دەکەم، لەو کاتەدا گەشەی سوریا لە باشترین ئاستی خۆی، واتە لە سەدا 7، بوو کە بۆ وڵاتێک بە توانایەکی سنوردارەوە، ڕێژەیەکی زۆر باش بووە. ئێمە قەرزمان نەبووە و وڵاتێکی قەرزدار نەبووین، قەرزمان دەکرد بەڵام قەرزەکەشمان ڕاستەوخۆ دەدایەوە. بە پێی پێویست گەنم هەبوو و هەناردەی دەرەوەشمان دەکرد، سەوزە و میوەمان هەناردە دەکرد و لە سەرەتای شەڕەکەش تەنانەت گەشەمان بە پیشەسازییەکان دەدا. هەر بۆیە بە دڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم کە ڕاگرتنی شەڕ و ئاوەدانکردنەوەی وڵات، دۆخی سوریا باشتر لەوەی پێش شەڕیش دەکات./.