سەردانەکەی بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا بۆ چین بە پێی ئەوەی کە دەسکەوتی گرنگی ئابوریی هەبووە و تێیدا ڕێکەوتنی ستراتیژیی نێوان هەر دوو وڵات واژۆ کرا، لە لایەن وڵاتانی جیهان و میدیاکانەوە گرنگییەکی زۆری پێدرا. ئەم سەردانە هەروەها دەرگایەکی نوێی بە ڕووی هاوکارییەکانی نێوان دیمەشق و پەکین و بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاری و پەیوەندییەکان کردووەتەوە و ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بە هەموو شێوازێک سوریایان گەمارۆ داوە و ڕێگری لە هەر کرانەوەیەکی سیاسی و ئابوری بە ڕووی ئەم وڵاتەدا دەکەن.
سەردانەکەی بەشار ئەسەد بۆ چین، دووەم سەردانی ناوبراو لە ساڵی 2004 تا ئێستا بووە کە بە هۆی کاریگەرییە نێودەوڵەتییەکانی شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا و جەمسەربەندییە جیهانییەکان و هەروەها بە هۆی ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمریکا، گرنگییەکی زۆری هەبووە. هۆکارێکی گرنگیپێدانی سەردانەکەش ئەوەیە کە حکومەتەکەی بەشار ئەسەد لە سوریا ئەوەی سەلماندووە کە گەمارۆکانی ئەمریکای بە تایبەت لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە ڕوبەڕوی شکست کردووەتەوە.
لەم هەلوموەرجەدا کۆبوونەوەی سەرۆک کۆمارانی چین و سوریا بەڕێوەچوو و بێگومان ئەنجامی گرنگیشی دەبێت، بە تایبەت ئەوەی کە چین دەتوانێت لە ڕووی ئابوری و ئاوەدانکردنەوەی سوریاوە ڕۆڵی بەرچاو بگێڕێت.
ئەم سەردانە گۆڕانکارییەکی سەرەکی لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی سوریا لە داهاتوویەکی نزیکدا دابین دەکات و هێمایەکی ڕوون بۆ پێگەی نێودەوڵەتیی دیمەشق وەک هێزێکی کاریگەر دەخاتەڕوو و دەتوانێت بنەمایەکی کرانەوەی سیاسیی سوریا بەرەو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی جیهان بێت.
کۆبوونەوەکەی شی جین پینگ و بەشار ئەسەد هەروەها لە ڕووی ستراتیژییەوە پیشاندەری کەلێنێکی گەورەیە لە گەمارۆی ئابوری و پەراوێزخستنی سوریا کە لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواوە بە سەر ئەم وڵاتەدا سەپێندراوە، ئەم کەلێنەش کە ئەنجامی سەرکەوتنی بەشار ئەسەد و سوریایە، لە داهاتوودا کاریگەری خۆی بە سەر هاوکێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان پیشان دەدات.
سەردانەکەی بەشار ئەسەد هەروەها پەیامێکی دیکەی هەیە و ئەوەی پیشاندا کە هەوڵەکان بۆ لادانی ئەمریکا لە داڕشتن و دیاریکردنی هاوکێشە ستراتیژییەکان لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا درێژەی هەیە و ئەمەش لە ڕێوڕەسمی پێشوازی گرنگی پەکین لە سەرۆک کۆماری سوریا لە ئاستی سیاسی، ئابوری و میدیایی ئاشکرا بوو و وتارەکەی سەرۆک کۆماری چین لە کاتی پێشوازی لە بەشار ئەسەد کە تێیدا جەختی لە سەر هاوکارییە هاوبەشەکان لە گەڵ سوریا کردەوە، ئەمەی پشتڕاست کردووەتەوە.
ئەم سەردانە ئەوەشی پیشانداوە کە چین سەرەڕای سزا و گەمارۆکانی واشنتن لە دژی دیمەشق، هەنگاو بەرەو هاوکاری و هاوبەشی لە گەڵ سوریا دەنێت. بە پێی ئەمەش ڕێکەوتنە گرنگ و ستراتیژییە واژۆکراوەکان لە نێوان چین و سوریا کێشەی بۆ سیاسەتەکانی ئەمریکا خوڵقاندووە.
گومان لەوەدا نییە کە بەهێزبوونی پێگە سیاسی و دیپلۆماسییەکەی سوریا لە ئاستی نێودەوڵەتی، ئامادەبوونی ئەم وڵاتە وەک کاراکتەرێکی گرنگی بەرەی خۆڕاگری لە ناوچەکە بەرچاوتر دەکات و لە هەمان کاتدا کێشەی جیدی بۆ لایەنەکانی هاوپەیمانی ئەمریکاش دەخوڵقێنێت.
ئەم بارودۆخەش لە ڕاستیدا سیاسەتێکی ستراتیژیی چینە کە پاش لێکدانەوەی گرنگیی هاوبەشی ئێران – سوریا و سوریا – ڕووسیا بە پێی پێگەی جیۆپۆلیتی سوریا لە ناوچەکە پێی گەیشتووە و پیشان دەدات کە سوریا چ گرنگییەکی بۆ شکستی هەژموونی ئەمریکا لە ناوچەکە و هەبوونی جیهانێکی چەند جەمسەری هەیە.
ڕۆڵی سیاسی چین لە دۆسیەی سوریاش گرنگە و پەکین تا ئێستا بە مافی ڤیتۆ لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەرگریی لە دیمەشق کردووە.
لە لایەکی دیکەوە، سەردانەکەی بەشار ئەسەد بۆ چین، دەرگایەکی نوێی ئابوری بە ڕووی پەکیندا دەکاتەوە و ئەم وڵاتە دەبێتە لایەنێکی سەرەکیی ئاوەدانکردنەوەی سوریا. هەورەها سەردانەکە دەتوانێت گۆڕانکاری لە هاوکارییە ئابوری و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتدا بکات کە لە ساڵانی شەڕی سەپێندراوی ناوخۆیی سوریا تووشی دابەزین بووە و لە ئێستادا گەیشتووەتە نزیکەی 2 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار.
پاش سەردانەکەی بەشار ئەسەد بۆ چین و ئەم گۆڕانکارییە گرنگە، چەندین پرسیار هاتووەتە پێشەوە کە ئایا پێکهاتەی ئابوریی سوریا دەتوانێت کەڵک لە ڕێکەوتنە واژۆکراوەکان لە گەڵ چین وەربگرێت؟ ئایا سوریا دەتوانێت شوێنێکی لەبار بۆ وەبەرهێنانی چین بێت؟ ئایا چین دەتوانێت بە سەر سزاکانی ئەمریکا لە سوریا زاڵ بێت؟ ئایا چین دەتوانێت لە ڕووی سیاسییەوە کۆتایی بە پەراوێزخستنی سوریا لە لایەن ئەمریکاوە بێنێت و ئاسۆیەکی نوێ بۆ چارەسەری سیاسی قەیرانی ئەم وڵاتە بخاتەڕوو؟ وەڵامی پرسیارەکانیش لە داهاتوودا ڕوون دەبنەوە./.