بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرچاوە فەڵەستینییەکان ڕایانگەیاند کە شاندێکی سعوودی لە ڕێگای ئەردەنەوە ڕۆژی سێ شەممە 26 ی ئەیلولی 2023 گەیشتووەتە کەرتی خۆرئاوا.
شاندەکە بە سەرپەرشتی نایف سدیری باڵیۆزی ناجێگیری سعوودیە لە فەڵەستین سەردانی کەرتی خۆرئاوای کردووە. ناوبراو مانگی ڕابردوو بۆ یەکەم جار وەک باڵیۆزی سعوودیە لە فەڵەستین دەستنیشان کرا.
شاندەکەی سعوودیە دەیەوێت لە ڕاموڵڵا لە گەڵ مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین کۆببێتەوە.
سەردانی شاندە دیپلۆماسییەکەی سعوودیە لە کاتێکدایە کە نوێنەرانی ئەم وڵاتە دوایین جار لە ساڵی 1993 لە کاتی ڕێکەوتنی ئۆسلۆ سەردانی فەڵەستینیان کردبوو.
هەروەها سەردانەکە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا هەوڵ دەدات بە هەر شێوازێک پەیوەندییەکانی سعوودیە و ڕژێمی زایۆنیستی ئاسایی بکاتەوە./.