بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی بەهادوری جەهرۆمی وتەبێژی فەرمی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنی کەناڵی العالم سەبارەت بە دەسکەوتەکانی کابینەی سێزدەیەم بە سەرۆکایەتی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی، وتی: بە پێی ڕێژەی بەرزی دانیشتووانی خوێندەوار لە ئێران، حکومەتی هەوڵی ئەوەیداوە کە زیاتر لە توانای خەڵک لە بەشە جیاجیاکانی حکومڕانی کەڵک وەربگرێت. لە بواری سیاسەتی دەرەوەی هەوڵ دراوە هاوسەنگی لە پەیوەندییەکاندا بکرێت تا لە سەرجەم دەفرایەتییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ گەشە و پێشکەوتنی وڵات کەڵک وەربگیرێت و هەروەها ڕۆڵی کاریگەریشی لە ڕوبەڕوبونەوەی کردەوە دوژمنکارانەکەی ئەمریکادا هەبێت.
ناوبراو هەروەها وتی کە حکومەت لە بواری وزە، کێشەی کەم ئاوی و پەرەپێدانی ڕێگا ترانزێتییەکان لە دوو ساڵی ڕابردوو دەسکەوتی زۆری هەبووە.
دەقی ئەو وتووێژە لە درێژەدا هاتووە:
ئامانج لە سزاکانی ئەمریکا گوشار خستنە سەر خەڵکی ئێرانە
وتەبێژی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕوبەڕوبونەوەی کاریگەری سزا و گەمارۆ زاڵمانەکانی ئەمریکای بە پلانێکی سەرەکی لە حکومەت ناو برد و وتی: کاریگەری سزاکان ڕاستەوخۆ لە سەر خەڵکە، ئەمریکا بە سزا نایاساییەکان هەوڵیداوە خەڵک لە گەیشتن بە چارەنووسێکی باش و پێشکەوتن بێبەش بکات کە خۆشبەختانە خەڵک لە بوارە جیاجیاکان و لە بۆنە جیاجیاکاندا ئەوەیان سەلماندووە لە سەر ڕێگای بەرگری لە شۆڕشی ئیسلامی ماونەتەوە و لە هەنگاوی یەکەمدا ئەمریکا وەک لایەنی سەرەکی سزاکان ڕوبەڕوی پرسیار و ڕەخنە دەکەنەوە.
هاوکاری لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە بۆ پووچەڵکردنەوەی کاریگەریی سزاکان
بەهادوری جەهرۆمی وتی کە حکومەت بە جیدی کار بۆ هەڵگرتنی سزا و گەمارۆکان دەکات بەڵام تایبەتمەندی کابینەی سێزدەیەم ئەوەیە کە بە تەنیا چاوەڕوانی هەڵگرتنی سزاکان نابێت بەڵکوو ڕێگای دیکە بۆ پووچەڵکردنەوە و بێ کاریگەرکردنی تاقیدەکاتەوە و لە دوو ساڵی ڕابردوو ئەمە پلانێکی سەرەکی بووە تا وڵات گەشەی ئابوری خۆیی هەبێت و ڕێژەی گەشە لە دوو ساڵی ڕابردووش گەیشتووەتە لە سەدا زیاتر لە 4.3 و لە لایەکی دیکەشەوە لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی پەرە بە هاوکارییە ئابوری و بازرگانییەکان دراوە.
لە سەدا 40 ی بازرگانیی دەرەکی ئێران لە ناوچەکەدا بووە
وتەبێژی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەراوردکردنی دۆخی بازرگانیی دەرەکی ئێران پێش کابینەی سێزدەیەم، وتی:پێش دەستپێکردنی چالاکییەکانی کابینەی سێزدەیەم، ڕێژەی بازرگانیی نانەوتی ئێران کەمتر لە 80 ملیار دۆلار بووە کە لە دوو ساڵی ڕابردوو گەیشتووەتە 112 ملیار دۆلار، بە پێی سیاسەتی حکومەت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە، ئامارەکان لە بوارە جیاجیاکان ڕووی لە زیادبوونە، بۆ نموونە، ڕێژەی بازرگانیی دەرەکی و هەناردە لە ئێرانەوە بۆ وڵاتی ڕووسیا 1.5 هێندە زیادی کردووە، لە گەڵ تاجیکستان 3 هێندە و لە گەڵ عۆمان 2 هێندە زیادی کردووە. نزیکەی لە سەدا 40 ی بازرگانیی دەرەکی ئێران لە ناوچەکەدا بووە.
گەشەسەندنی ناوچەکە بەندە بە پەیوەندی وڵاتانی ناوچەکە لە گەڵ یەکتر
وتەبێژی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی کە سەرۆک کۆمار بە تایبەت بەدواداچوون بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ناوچەییەکان دەکات و وتی: نەهێشتنی باج و سوودە بازرگانییەکان بە شێوازی دوو لایەنە یان کەمکردنەوەی، لەو هەنگاوانەن کە لە سەردانی بەرپرسانی ئێرانی بۆ وڵاتانی ناوچەکە دانوستانی لە سەر کراوە و لە ئەنجامی ئەمەش ئاسانکاری بۆ ئاڵوگۆڕەکان کراوە.
جەهرۆمی وتی: تێڕوانینی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانە لە سەرجەم بوارەکان و تێڕوانینێکی ستراتیژییە و لەو بڕوایەداین کە گەشەی ناوچەکە تەنیا لە ڕێگای پەیوەندی و هاوکاری وڵاتانی ناوچەکە لە گەڵ یەکتر مسۆگەر دەبێت.
ئەندامبوونی ئێران لە ڕێکخراوەکانی شانگهای و برێکس
وتەبێژی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەشێکی دیکەی وتووێژەکەی لە گەڵ کەناڵی العالم سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئەندامبوونی ئەم وڵاتە لە ڕێکخراوەکانی وەک شانگهای و برێکس، وتی: وڵاتانی ئەندام لەم ڕێکخراوانە ئەوەیان پیشان داوە کە چاوەڕوانی هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا لە دژی ئێران نابن و ئەمەشیان بە ڕاشکاوانە بۆ سەرجەم لایەنەکان و چالاکوانانی ئابوری جیهانی باس کردووە، کاتێک کۆمپانیایەکی بیانی لە گەڵ ئێران پەیوەندیی هەبێت سوودی بۆ هەر دوو لا دەبێت، ئەوانیش دەیانەوێت کەڵک لەم تایبەتمەندییە وەربگرن، لە بەر ئەوەی کە ئێران خاوەن توانا و دەفرایەتییەکی زۆرە لە بوارەکانی وەک وزە، ترانزێت، دەریا، کشتووکاڵ و …… . ئەندامبوونی ئێران بەربەستەکانی بەردەم وەبەرهێنەران و چالاکوانانی ئابوری چارەسەر دەکات.
پارە بلۆککراوەکانی ئێران دەخرێتە خزمەت وڵاتەوە
عەلی بەهادوری جەهرۆمی سەبارەت بە پارە ئازادکراوەکانی ئێران لە کۆریای باشور، وتی: پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە کۆریای باشور بە پێی ڕێکەوتنی تاران و واشنتن بە نێوەندگێڕی قەتەر ئازاد کرا. پارەی ئێران لە عێراق بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی وڵات بە کار دێت و سەبارەت بە تورکیاش ئەم شێوازە پەیرەو دەکرێت. بۆ پارە بلۆککراوەکانی دیکەی ئێرانیش کە بە نایاسایی دەستی بە سەردا گیراوە و ڕێژەکەشی جیدی و زۆر نییە، هەوڵی ئازادکردنی دەدرێت.
ناوبراو بلۆککردنی پارە و داراییەکانی ئێرانی لە وڵاتانی دیکەدا بە زیان گەیاندن بە سیستەمی دارایی و بانکی جیهانی ناو برد و وتی: ئەم هەنگاوانە متمانەی وڵاتان بە سیستەمی دارایی ڕوبەڕوی پرسیار دەکاتەوە. لە لایەکی دیکەوە تێڕوانینی ئێران سەبارەت بەو وڵاتانەی کە پارەکانی ڕادەگرن، ئاشکرا دەبێت و ئەم دەست بە سەرداگرتنی داراییەکانی ئێران پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتییە./.