بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد ڕەجەب نەژاد ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا 44 ناوەندی بازرگانی چالاکی ئێران لە وڵاتانی دەرەوە بوونیان هەیە و بۆ کردنەوەی ناوەندی بازرگانی لە وڵاتی سعوودیەش موڵەت دەرکرا کە لە شاری جەدە دەستی بە کارەکانی کردووە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ناوەندی بازرگانی ئێران لە جەدە پەیوەندی بە کەرتی تایبەتەوە هەیە و تەنانەت کۆمپانیاکانی سەر بە حکومەت ناتوانن موڵەتی بازرگانی وەربگرن.
بەرپرسی فەرمانگەی ڕاوێژکارانی بازرگانی ڕێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانیی ئێران ڕایگەیاند کە ڕاوێژکاری بازرگانی وەک دیپلۆماتکار تا ڕادەیەک ئیش و کارەکانی سنوردارە بەڵام ناوەندی بازرگانی دەتوانن پەرە بە بازاڕی کاڵای ئێرانی بدەن، ڕۆڵی ڕاوێژکارییان هەبێت و تەنانەت گرێبەستیش واژۆ بکەن، بۆ نموونە، ناوەندی بازرگانیی ئێران لە وڵاتانی ئەرمینیا، ڕووسیا و قەتەر زۆر چالاکن و یارمەتیدەری وەبەرهێنەران و چالاکوانانی ئابورین.
ڕەجەب نەژاد سەبارەت بە ئەفریقاش ڕایگەیاندووە کە ژمارەی ناوەندە بازرگانییەکانی ئێران لە وڵاتانی ئەفریقی لە زیادبووندایە و لە وڵاتانی وەک نەیجڕ، ئۆگاندا، کینیا، جەزایر و …. ناوەندی بازرگانیی چالاکمان هەیە.
شایانی ئاماژەیە کە مانگی ئازاری 2023 ئێران و سعوودیە ڕێکەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان بە نێوەندگێڕیی چین واژۆ کرد و هەر دوو وڵات پاش 7 ساڵ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان دەستپێکردەوە./.