بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عێراق لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو وەک دووەم هاوبەشی بازرگانیی ئێران، یەکێک لە ئامانجەکان بۆ هەناردەی کاڵای ئێرانی بووە، بەڵام پاراستن و پەرەپێدانی ئەم بازاڕە بە هۆی هەبوونی ڕکابەرەکانی وەک ئیمارات، تورکیا، چین، هیندستان و ئەمریکا، زەنگی مەترسی جیدیی بۆ پلان و پرۆژەکانی گەشەپێدانی هەناردەی ئێران لە بازاڕی عێراق لێداوە، بە واتای ئەوەی کە ئەگەر سیاسەتە ئابوری و بازرگانییەکان بە پێی هەلومەرجی ناوخۆیی وڵاتی عێراق بەرەو پێش نەبرێت، دەتوانێت کاریگەری نەخوازراوی لە سەر ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە گەڵ ئەم وڵاتە هەبێت.
عێراق داوای وەبەرهێنانی هاوبەش دەکات نەک هاوردە
سەبارەت بە پێویستی گۆڕینی تێڕوانینی بازرگانی لە گەڵ عێراق، دەتوانین ئاماژە بە لێدوانەکانی کازم جەواد یاسین سەرۆکی ژووری بازرگانی کەربەلا لە کۆنفراسی ڕێگاکانی گەشەی بەردەوامی بازرگانیی ئێران – عێراق لە ئاسۆی 2025 بدەین کە ڕایگەیاند: لە عێراق یاسایەک بۆ پاڵپشتی لە وەبەرهێنەران بوونی هەیە کە بە پێی یاساکە پاڵپشتی لە تەواوی وەبەرهێنەران دەکرێت، عێراق پلانی ئەوەی هەیە کە وەبەرهێنانی ناوخۆیی بەرز بکاتەوە و ڕێژەی هاوردە کەم بکاتەوە، هەر بۆیە پلانی هاوردەی هەندێک کاڵای وەک چیمەنتۆی نەماوە بەڵام دەتوانین لەم بوارانەدا هاوکاری و وەبەرهێنانی هاوبەشمان هەبێت.
ئەم لێدوانانە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی کە عێراق دەیەوێت لە هاوردەوە بەرەو وەبەرهێنان هەنگاو بنێت. عێراق لە هەندێک بواری وەک مادە خۆراکییەکان و چیمەنتۆ وەبەرهێنانی کردووە. لە کاتێکدا کە تا چەندین ساڵی ڕابردوو چیمەنتۆ لە ڕیزی زیاترین کاڵای هاوردەکراو لە لایەن عێراقەوە بووە و ئێرانیش زیاترین هەناردەی بۆ ئەم وڵاتە هەبووە و هەروەها عێراق لە ئێستادا هەندێک مادەی خۆراکی ڕەوانەی وڵاتانی دەرەوە دەکات.
هەناردەی 20 تا 30 ملیار دۆلاری بۆ عێراق مسۆگەر دەبێت؟
یەحیا ئالی ئێسحاق سەرۆکی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران – عێراق ڕایگەیاندووە کە بازاڕی عێراق تا 15 ساڵی داهاتووش دەتوانێت وەک بازاڕێکی گرنگی هەناردە بۆ ئێران بێت، بەڵام دەبێت ئەوەش بوترێت کە چەندین ڕکابەری بەهێز بوونیان هەیە بە باشتربوونی ڕەوشی ئەمنیی عێراق دەیانەوێت ئەم دەرفەتە لە ئێران وەربگرن. هەربۆیە ئێران دەبێت بە پێی ڕاستییەکانی عێراق سیاسەتە ئابوری و بازرگانییەکانی بەرەو گۆڕانکاری ببات و بە پێچەوانەی ئەمەش بازاڕەکە لە دەست دەدات.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و عێراق دەتوانێت بگاتە 20 تا 30 ملیار دۆلاری ساڵانە، بەڵام بۆ مسۆگەربوونی دەبێت سێ مەرجی سەرەکی ناسینەوەی ڕاستییەکانی بازاڕ، ورە و ئیرادە و سیاسەتی پیشەیی ئابوری و بازرگانی جێبەجێ بکرێت.
داهاتووی بازرگانی لە گەڵ عێراق چۆن دەبێت؟
ئەمینداری گشتی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران – عێراق سەبارەت بە ڕێگاکانی پاراستنی بازاڕی عێراق و پەرەپێدانی بازرگانی لە گەڵ ئەم وڵاتە، وتی: ئەگەر تێڕوانین و کارنامەی بازرگانی لە گەڵ عێراق بەرەو گۆڕانکاری نەبرێت، ئەم بازاڕە لە دەست دەدەین.
جەهانبەخش سەنجابی شیرازی بە ئاماژە بە بوونی ڕکابەرەکان لە بازاڕی عێراق، وتی: لە ئێستادا گۆڕەپانی بازرگانیی عێراق لە لایەن وڵاتانی وەک ئیمارات، چین و تورکیاوە کۆنتڕۆڵ کراوە و لە داهاتووشدا ڕەنگە وڵاتانی وەک سعوودیە و ئەردەن بکەونە پێشی ئێرانەوە.
ناوبراو وتی: لە هەر 5 دۆلار هەناردەی ئێران، یەک دۆلاری هەناردەیە بۆ عێراق، هەر بۆیە ئەگەر ئەم بازاڕە لە دەست بدەین بە واتای لە دەستدانی لە سەدا 20 ی کۆی گشتی هەناردەی ئێران دەبێت بەڵام پاراستن و پەرەپێدانی بۆ ئێران زۆر گرنگ دەبێت.
ئەو چالاکوانە ئابورییە وتی کە چەندین سیناریۆ بۆ ئاسۆی بازرگانی لە گەڵ عێراق بوونی هەیە و مسۆگەربوونی ئەمەش پەیوەندی بە نزیکایەتی زیاتری نێوان ئێران و عێراقەوە هەیە.
سەنجابی شیرازی وتی: لە ماوەی 20 ساڵەی پاش ڕووخانی سەدام، عێراق سەردەمێک سەقامگیر و سەردەمێک لە ڕووی ئەمنییەوە ئاڵۆز بووە و دەبێت ئێمەش سیناریۆی جیاجیامان بۆ داهاتووی بازرگانی لە گەڵ ئەم وڵاتە هەبێت.
ئەمینداری گشتی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران – عێراق، وتی: خەراپترین سیناریۆ ئەوەیە کە ڕەوشی ئەمنی عێراق ئاڵۆز ببێت یان ئاستی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئێران دابەزێت. لە حاڵەتی وەهادا بازرگانی فەرمی بوونی نابێت و ڕەنگە ئەزموونەکانی 1991 تا 2003 دووبارە ببێتەوە، واتە بازرگانی لە پاش شەڕی هەشت ساڵە تا ڕووخانی حکومەتەکەی سەدام کە لە ڕاستیدا بازرگانی فەرمی لە گەڵ عێراق نەبووە و زیاتر بە شێوازی قاچاخ بووە.
وتیشی کە ئەگەر بەم شێوازە لە بازرگانی لە گەڵ عێراق بەرەو پێش بڕۆین، بە دڵنیاییەوە هیچ بەرەوپێشچوونێک ڕوو نادات.
ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێران و عێراق لە ساڵی ڕابردووی کۆچی هەتاوی گەیشتە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار کە بەراورد بە ساڵی 1400 لە سەدا 15 بەرزبوونەوەی هەبووە./.