بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئابوریناسان هۆشداری دەدەن کە ئاسۆی دیاریکراوی ئابوری دەتوانێت بەرەوپێشچوونی ئامانجەکانی گەشەسەندن لاواز بکات و لە سەدا 74 ی ئەوان ڕایانگەیاندووە کە ئاڵۆزییە جیۆپۆلیتییەکانیش ئەم کاریگەرییەی دەبێت.
نەبوونی دڵنیایی هۆکارێکی سەرەکییە و ترسی قەیرانی جیهانی بەرەو دابەزین دەڕوات بەڵام نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئابوریی چین کە لە ئێستادا بەرەو لاوازبوون دەڕوات، زیاتر بووە. پرسە جیۆپۆلیتی و سیاسییە ناوخۆییەکانیش لە هۆکارەکانی نیگەرانین. لە هەر 10 ئابوریناسێک کە بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە، 9 کەس لەو بڕوایەدا بوون کە جیۆپۆلیتیک لە ساڵی داهاتوودا گۆڕانکاری ئابوری دابین دەکات.
ئاسیا بە تایبەت باشوری ئاسیا وەک بەهێزترین ناوچەی گەشەی ئابوری باسی کراوە. سەرەڕای ئەمەش، چاوەڕوانییەکان بۆ چین بەرەو دابەزین ڕۆیشتووە. ڕاپۆرتەکە ڕایگەیاندووە کە ئابوری چین کەوتووەتە ژێر کاریگەری گوشارەکانی دابەزاندنی ڕێژەی هەڵئاوسان و چەندین بابەتی دیکەی وەک نیشتەجێبوون. ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانیش دابەزیوە و هاوردە لە سەدا 12.4 و هەناردە لە سەدا 14.5 تا مانگی تەمموز دابەزیوە.
ئاسۆی ئابوریی ئەمریکا لە ماگی ئایارەوە بە شێوەی بەرچاو باشتر بووە و لە سەدا 80 ی بەشداربووان لە ڕاپرسییەکەدا ڕایانگەیاندووە کە ئەمریکا گەشەی بەرچاوی ئابوریی تا ساڵی داهاتوو دەبێت.
ئەورووپا لەمساڵ گەشەیەکی لاوازی هەبووە بەڵام دەتوانێت لە ساڵی 2024 ئەمە ڕوو لە گۆڕانکاری بکات. بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، لە سەدا 79 گەشەی مامناوەند یان بەهێزیان لە ساڵانی 2023 و 2024 پێشبینی کردووە کە لە سەدا 15 بەراورد بە مانگی ئایار زیاترە.
سێ لە سەر چواری بەشداربووان لە ڕاپرسییەکەدا لەو بڕوایەدا بوون کە ئاڵۆزییە جیۆپۆلیتییەکان ڕێگری لە پێشکەوتن بەرەو ئامانجەکانی گەشەی جیهانی لە سێ ساڵی داهاتوو دەکات. لە کاتێکدا کە لە سەدا 59 چاوەڕوانی ئەوەیان هەیە هەلومەرجی دژواری دارایی هەمان کاریگەری هەبێت./.