بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرمابوون یەکێکە لە هەوکردنەکانی سەرەوەی کۆئەندامی هەناسە. هەرچەندە زۆربەی خەڵک وادەزانن کە بە لەبەرکردنی جل و بەرگی گەرم لە وەرزی زستاندا دەتوانن ڕێگری لە سەرمابوون بکەن، بەڵام پێویستە ئەوەش بزانن کە بیرکردنەوەی وەها زیاتر لە ئەفسانە دەچێت و هیچی دیکە نییە. هۆکاری سەرەکی سەرمابوون یەکێکە لەو 200 جۆرە ڤایرۆسە لە جیهاندا.
هەڵامەتی باو لە ڕێگەی هەڵمژینی هەوای ڤایرۆسییەوە بڵاو دەبێتەوە، وەک پژمین، کۆکە، قسەکردن، یان پاککردنەوەی لوتی کەسێک کە تووشی هەڵامەت بووە. هەروەها ڤایرۆسی سەرمابوون دەتوانرێت بگوازرێتەوە بە دەست لێدانی ئەو شتانەی کە کەسێکی توشبوو دەستی لێداوە.
باوترین شوێن کە ڤایرۆسەکان تێیدا کۆدەبنەوە بریتین لە دەستەی دەرگا و تەلەفوون و یاری منداڵان و خاولی. بە گوێرەی ڕاپۆرتی لێژنەی نیشتمانی بۆ هەستیاری و نەخۆشییە ڕاگوێزەکان، ڤایرۆسە توشبووەکان دەتوانێت تا سێ کاتژمێر لە سەر ڕووی دەست و شتەکان بمێنێتەوە.
هەڵامەت لە وەرزی پاییز و زستاندا زۆر باوە. لە سەرەکیترین فاکتەرەکانی ئەمەش دەتوانین بە دەستپێکردنەوەی وەرزی خوێندن و هەروەها خواستی خەڵک بۆ مانەوە لە ماڵەوە ئاماژە بدەین.
هەروەها هەوا بەرەو وشکبوونەوە دەڕوات و ئەمەش ڕێڕەوی لوت وشک دەکات و ئەگەری توشبوون بە هەوکردن چەند هێندە زیاد دەبێت. ڕێژەی شێ لە کەشوهەوای سارددا کەم دەبێتەوە. لە لایەکی دیکەوە کەشوهەوای وشک کە شێی کەمی هەیە، بەستێنی مانەوەی ڤایرۆسی هەڵامەت دابین دەکات.
کاتێک پلەی گەرما دادەبەزێت، ئەم چەند شتە لەبیر نەکەن: خەوتنی پێویست، وەرزشکردن، خواردنی سەوزە و میوەی تازە تا سیستەمی بەرگری جەستە بەهێز بکرێت./.