بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعوودیە وتی کە ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی بۆ دۆسیەی فەڵەستین هەیە.
ناوبراو وتی: جەخت لەوە دەکەینەوە کە دژی هەر هەنگاوێکی تاکلایانەین کە ببێتە ڕێگر لە بەردەم چارەسەرکردنی دۆسیەی فەڵەستین.
بن فەرحان سەبارەت بە ئێران وتی: پەیوەندییەکانی ئێمە و ئێران لە سەر بنەمای ڕێزی بەرامبەر و نەبوونی دەستێوەردانە لە کاروباری ناوخۆیی یەکتر.
وەزیری دەرەوەی سعوودیە ئاسایشی عێراقی بە کۆڵەکەیەکی سەرەکی بۆ ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە ناو برد و سەبارەت بە سودانیش وتی کە داوا لە لایەنەکانی ئەو وڵاتە دەکەین شەڕ ڕابگرن و گیانی هاووڵاتیان بپارێزن.
وتیشی کە ئێمە لە گەڵ لوبنان دەمێنینەوە و سەرجەم لایەنەکان بۆ زاڵبوون بە سەر ئەم قەیرانەی ئێستا بانگهێشت دەکەین.
بن فەرحان جەختی لە سەر چارەسەرکردنی قەیرانی یەمەن کردەوە و سەبارەت بە ئاسۆی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و ئۆپێک پڵەس وتی: سعوودیە گرنگی بە سەقامگیری بازاڕی نەوت لە سەر بنەمای هاوکاری لە گەڵ ڕێکخراوی ئۆپێک دەدات.
ناوبراو وتی کە چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا یارمەتیدەری سەقامگیری ناوچەکە و جیهان دەبێت.
فەیسەڵ بن فەرحان وتی کە ڕیاز جەخت لە سەر سەقامگیری لیبیا، دەستەبەرکردنی دەسەڵات و سەروەری ئەم وڵاتە و ڕاگرتنی دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆیی دەکاتەوە.
وەزیری دەرەوەی سعوودیە سەبارەت بە ئۆکرایناش وتی کە مۆسکۆ و کیێڤ بانگهێشتی دانوستان و چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشەکان و ڕێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکەین./.