بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەراوێزی حەفتا و هەشتەمین دانیشتنی کۆمەڵەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری نیۆیۆرک، سەبارەت بە ئامادەبوونی لە یەکێک لە پەیمانگەکانی ئەمریکا وتی: کۆبوونەوەیەکمان لە گەڵ یەکێک لە پەیمانگەکانی ئەمریکا هەبوو کە ژمارەیەک لە سیاسەتمەدارانی پێشووی ئەم وڵاتە تێیدا بەشدار بوون و بە ڕاشکاوانە سەبارەت بە بابەتە گرنگەکان وتووێژ کرا، بە تایبەت سیاسەت و هەڵسووکەوتی نادرووست و هەڵەی واشنتن لە بەرامبەر گەل و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران.
ناوبراو وتی: سەبارەت بە ڕێکەوتنی ناوەکی، کشانەوەی دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا لەم ڕێکەوتنە و بەردەوامیدان بەم سیاسەتە لە لایەن جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئێستا بە شێوازێکی دیکە وتووێژی لە سەر کرا.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: بە پێی ئەو ڕێکەوتنەی کە بۆ ئاڵوگۆڕی بەندکراوان لە نێوان ئێران و ئەمریکا کرا، لە کۆبوونەوەی پەیمانگە ئەمریکییەکەش باسمان کرد کە ئەگەر واشنتن واز لە سیاسەتی دووفاقی خۆی لە بەرامبەر ئێران بێنێت و ئیرادەی ڕاستەقینەی پیشان بدات، ئەگەری ئەوە لە ئارادایە لایەنەکان بگەنە ڕێکەوتنی گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی و هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران./.