بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی هەینی لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی بەرگری پیرۆز (شەڕی هەشت ساڵەی سەپێندراوی سەدام لە دژی ئێران)، وتی: بەرگری پیرۆز نموونەی پشت بەستن بە هێز و توانای خەڵک بووە و هێزە چەکدارەکانی ئێمەش لە خەڵکەوە هاتوون و لە گەڵ خەڵک دەمێننەوە، هەروەها خەڵکیش هێزە چەکدارەکانی ئێرانیان خۆش دەوێت، لە بەر ئەوەی کە لە سەرجەم قۆناغە سەخت و دژوارەکان لە گەڵ خەڵکدا ماونەتەوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە پشتیوانی خەڵک لە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، وتی: لە هاوردەکارێکی چەکی وڵاتانی دیکەوە بووینەتە وەبەرهێنەر و هەناردەکاری چەک. توانای هێزە چەکدارەکانی ئێران لە لایەن وڵاتانی ناوچەکە و جیهانەوە دانی پێدا نراوە و لەو بڕوایەدان کە توانای بەرگری هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕووی کارامەیی، لێهاتوویی، مەشق و ڕاهێنان، کەرەستە و چەکی پێشکەوتووەوە زۆرە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: پرۆسەی چەککردنی گرووپە جوداییخوازەکان لە نزیک سنورەکانی ئێران هەنگاوێکی ئەرێنییە کە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە دەستپێکراوە و هیچ گرووپێکی جوداییخواز لە نزیک سنورەکانی ئێران مافی هەبوونی چەک و پیلانگێڕیی لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران نابێت.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی کە دەبێت لە داماڵینی چەکی گرووپە نایاساییەکان لە نزیک سنورەکانی ئێران دڵنیا ببینەوە.
ناوبراو وتی: بوونی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کەنداوی فارس و ناوچەکە لە پێناو دابینکردنی ئاسایشی زیاترە بەڵام بوونی هێزی بێگانە بووەتە هۆی نیگەرانیی خەڵک و کێشەی بۆ ئاسایشی ناوچەکە خوڵقاندووە و ئەمەش گەورەترین کێشەی ناوچەکەیە./.