بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەریق محەممەد باقری ڕۆژی پێنج شەممە 21 ی ئەیلولی 2023 لە تاران پێشوازیی لە مەتەر بن ساڵم بەلوشی فەرماندەی هێزی وشکانی سوپای عۆمان و شاندی یاوەری کرد و بە ئاماژە بە مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات، وتی کە پەیوەندی نێوان هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و عۆمان، ستراتیژی و بەردەوامە.
باقری جەختی لە سەر بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات لە بوارە جیاجیاکاندا کردەوە و وتی: خاڵە هاوبەشەکانی مێژوویی، کەلتوری، ئائینی و سیاسی دەتوانێت هاندەری زیاتربوونی پەیوەندیی نێوان هێزە چەکدارەکانی هەر دوو وڵات بێت.
سوپاسالاری ئێران هەروەها جەختی لە سەر هاوکاریی نێوان تاران و مەسقەت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەڕەشە ناوچەییەکان کردەوە و وتی: ئێمە لەو بڕوایەداین کە ئاسایشی ناوچەی کەنداوی فارس دەبێت لە ڕێگای پێکەوەبوون و هاوکاری نێوان وڵاتانی ناوچەکەوە دابین بکرێت، لە بەر ئەوەی کە وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس توانای ئەوەیان هەیە و دەتوانن بە هاوکاری هاوبەش و بێ دەستێوەردانی دەرەکی ئەم ئاسایشە دابین بکەن.
مەتەر بن سالم بەلوشی فەرماندەی هێزی وشکانی عۆمانیش ڕایگەیاند کە سیاسەتی وڵاتەکەی پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانە لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و نزیکبوونی هەر دوو وڵات لە گەروی هورمۆز گرنگی پەیوەندییەکانی زیاتر کردووە./.