بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە حەفتا و هەشتەمین کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە دانیشتنی نوێی کۆڕی گشتی لە کاتێکدایە کە جیهان گۆڕانکاری کەم وێنە و مێژوویی بە خۆوە دەبینێت.
ناوبراو بە ئاماژە بە ئامۆژەکانی باڵای قورئانی پیرۆز وەک کتێبی دوایین پێغەمبەری خودا و هەروەها بە ئیدانەکردنی تاوانی سووکایەتیکردن بە قورئان لە وڵاتانی ئەورووپی وتی کە قورئان سووکایەتیی بە بیر و بڕواکان قەدەغە کردووە و ڕێزگرتن لە ئائینەکان بە ڕێزگرتن لە پێغەمبەر محەممەد (د.خ) دەزانێت.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: کاریگەرییەکانی قورئانی پیرۆز لە سەر کۆمەڵگای مرۆیی هیچ کات ناسووتێت و ئاگری سووکایەتی و بێڕێزی دوژمنان هیچ کات نابێتە ڕاستی.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە دوژمنایەتیکردنی ئیسلام و ڕەگەزپەرستی کەلتوری، لە سووتاندنی قورئانی پیرۆز تا ڕێگری لە حیجابی ئیسلامی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، وتی کە ئەم جۆرە هەڵسووکەوتانە شیاوی مرۆڤی ئەمڕۆ نییە و لە پشتەوەی ئەم بڵاوەپێکردنی نەفرەتە پیلانێکی گەورە داڕێژراوە و بە پاساوی ئازادی ڕادەربڕین جێبەجێ و پاڵپشتی دەکرێت.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا وتی: جیهان بە قۆناغی سەرهەڵدانی سیستەمی نوێدا تێپەڕ دەبێت و ئەم ڕێگایەش بێ گەڕانەوەیە و هاوکێشەی زاڵبوونی وڵاتانی ڕۆژئاوا چیدی بۆ جیهان وەڵامدەرەوە نییە و سیستەمی کۆنی لیبراڵی کە لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی زاڵمان و سەرمایەدارەکاندا بووە، وەلاوە نراوە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: پرۆژەی بە ئەمریکیکردنی جیهان شکستی هێناوە و گەلی ئێران شانازی بەوە دەکات کە بە بۆنەی شۆڕشی ئیسلامی خۆیەوە، زیاترین ڕۆڵی لە ئاشکراکردنی ڕواڵەتی زاڵمانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا هەبووە.
ناوبراو وتی: ئێران وەرزێکی نوێی پەیوەندی بەسوودی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ دەستپێکردووە و سیاسەتی هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی، سیاسەتی خێر و چاکەیە بۆ ناوچەکە و هەر دەستێک بۆ دۆستایەتی بەرەو ئێمە درێژ بکرێتەوە، بە گەرمی دەیگوشین.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی لە درێژەدا سەبارەت بە بانگەشەی ئەمریکا بۆ بەرگریکردن لە مافی ژنان، وتی: ئایا ئەمریکا کە گەورەترین گرتووخانەی دایکانی لە جیهاندا هەیە، دەتوانێت نیگەرانی ژنان بێت؟ ئایا ئەم هەموو منداڵە نەخۆشانەی کە بە هۆی سزا زاڵمانەکانی ئەمریکاوە چارەسەری پزیشکییان بۆ ناکرێت، وێنەیان لە میدیاکانی جیهانەوە بڵاو بووەتەوە؟ ئایا لە ڕێپێوانی مەزنی 22 ملیۆنیی خەڵک لە چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) شتێکتان بیستووە؟ ئاسایشی هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە قەرزداری تێکۆشانی حاجی قاسم سولەیمانی بووە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: بەشێکی زۆری ناوچەکە لە ئاگری داعشدا دەسووتا، ئایا ئێوە لەم تێکۆشانە لە میدیاکانی ڕۆژئاوادا شتێکتان بیستووە؟ تیرۆری حاجی قاسم لە لایەن ئەمریکاوە خەڵاتکردنی داعش بووە.
ناوبراو وتی کە کۆماری ئیسلامی ئێران تا کاتی جێبەجێکردنی دادپەروەری و سزادانی ئەنجامدەرانی تیرۆری شەهید سولەیمانی واز ناهێنێت./.