بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دەستەی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە سەر ئەم پرسە و لە سەر زاری ئەنتۆنی بلینکەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە سعوودیە بە ڕاشکاوانە ئەو پەیامەی بە واشنتن گەیاندووە کە فەڵەستین پرسێکی سەرەکییە بۆ ئەم وڵاتە و لە ڕوانگەی ڕیازەوە هەر ئاساییکردنەوەیەکی پەیوەندییەکان دەبێت ڕێگاچارەی پێکهێنانی دوو حکومەتی سەربەخۆی تێدا جێبەجێ بکرێت.
بلینکەن ڕایگەیاندووە کە هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە نێوان سعوودیە و ئیسرائیل تەنیا باشترکردنی پەیوەندی نێوان سەرکردەکان یان حکومەتەکانی ئێستای هەر دوو لا نییە بەڵکوو لە پێناو گەیشتنی جیهانە بە ئاشتی زیاتر.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە هەوڵەکان بۆ بەرفراوانکردنی ڕێکەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئیسرائیل، جێگرەوەیەک بۆ ڕێکەوتنی (سازشت) نێوان تەل ئەبیب و دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین نییە.
سەرکردەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە پاش گۆڕانکارییەکانی چەند مانگی ناوچەکە و شکستی پیلانگێڕییەکانیان دەیانەوێت وا پیشان بدەن کە ڕێگای سازشت لە گەڵ وڵاتانی عەرەبی بەردەوامە./.