بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە گەڵ فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە تاران، وتی: ئێران بۆ دابینکردن و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی خۆی جیدییە و خۆشحاڵین بەوەی کە ئەمڕۆ بەرپرسانی باڵای حکومەتی عێراق و فۆئاد حوسێن زانیاری زۆر باشیان سەبارەت بە دوورکردنەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان لە ناوچەکانی نزیک لە سنورەکانی ئێران و گواستنەوەیان بۆ قووڵایی خاکی هەرێم و عێراق و هەوڵدان بۆ چەککردنی ئەوان و جێبەجێکردنی تەواوی بڕگەکانی ڕێکەوتنە ئەمنییەکەی نێوان تاران و بەغدا خستەڕوو و قۆناغی دواتریش لە ڕۆژانی داهاتوو لە چوارچێوەی ئەو ڕێکەوتنە ئەمنییەدا جێبەجێ دەکرێت.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: نابێت تەنانەت یەک کاتژمێر دەرفەت بە گرووپە تیرۆریستییەکان بدرێت لە بەر ئەوەی کە لە زیانی ئێران، عێراق، هەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەبێت و پێویستە ئەم پەڵە ڕەشە بە خێرایی لە لاپەڕەی سپی و پڕ لە شانازیی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق بسڕێتەوە./.