بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدوڵڵا بن سعوود ئەلعەنزی شەوی سێ شەممە لە میانەی بەشداریی لە ڕێوڕەسمی حەفتا و چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری گەلی چین کە لە باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە تاران بەڕێوەچوو، وتی: پەیوەندییەکانی نێوان پاشایەتی سعوودیە و کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیپێکردووەتەوە و ئەم پەیوەندییانە بە پێی بەرژەوەندی هاوبەش، ڕێزی بەرامبەر و مافی دراوسێبوون دەبێت و لە سەرجەم بوارەکان بە تایبەت لە بواری ئابوری و بازرگانیش بەهێز دەبێت.
ناوبراو دەستخۆشیی لە ڕۆڵی حکومەتی چین لە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ڕیاز کرد و وتی: ڕێکەوتنی ئێران و سعوودیە کاریگەری ئەرێنیی لە زۆربەی بوارەکاندا هەبووە و لە لایەن وڵاتانی ناوچەکە و جیهانەوە پێشوازیی لێکراوە و هەر ڕێکەوتنێکی نێوان ئێران و سعوودیە وەک دوو وڵاتی دراوسێ و گرنگی ناوچەکە، دەبێتە هۆی پتەوبوونی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە و یارمەتیدەری ئاسوودەیی زیاتری گەلانی هەر دوو وڵات دەبێت.
عەبدوڵڵا بن سعوود ئەلعەنزی هەروەها وتی کە ئایەتوڵڵا ڕەئیسی بە فەرمی بانگهێشتی سعوودیە کراوە و ئەم سەردانە لە کاتێکی گونجاودا دەکرێت./.