بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلیڕەزا عەنایەتی باڵیۆزی نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕیاز لە یەکەم لێدوانیدا پاش وەرگرتنی پۆستەکەی لە سعوودیە، ئەو وڵاتەی بە هاوبەشێکی ستراتیژی ناو برد و جەختی لە سەر ئیرادەی هەر دوو لا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کردەوە.
ناوبراو لە وتووێژی لە گەڵ ڕۆژنامەی الشرق الاوسط چاپی لەندەن، جەختی لە سەر هەوڵەکانی خۆی بۆ پتەوکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان تاران و ڕیاز کردەوە و وتی: هەر دوو وڵات ئیرادەی هاوبەشیان هەیە تا پەیوەندییەکانیان بەرەو داهاتوویەکی باشتر ببەن.
عەنایەتی وتی: پێش هاتنم بۆ سعوودیە لە گەڵ بەڕێز ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبوومەوە و داوای لە من کردووە تەواوی هەوڵەکانم بۆ پتەوکردنی پەیوەندی برایانە و دۆستانەی نێوان ئێران و سعوودیە بەکار بێنم.
باڵیۆزی ئێران وتی: ئێمە سعوودیە بە هاوبەشێکی ستراتیژی دەزانین کە گرنگییەکی زۆری هەیە، ئەوەی کە لە شەش مانگی ڕابردوو بە دەست هاتووە، هیوایەکە بەرەو داهاتوو و ئێمە ئیرادەیەکی جیدیمان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ سعوودیە هەیە و ئەم هەستەش لای برایانی خۆمان لە سعوودیە بوونی هەیە.
باڵیۆزی ئێران وتی: ئەرک و ڕاسپاردەی ئێمە لە قۆناغی یەکەمدا پتەوکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانە و پاشان بەکارهێنانی لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ناوچەکە بە پێی بەرژەوەندی هاوبەش و ڕێزی بەرامبەر./.