بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وڵاتی عێراق لە 20 ساڵی ڕابردوو پەیوەندییەکی زۆر نزیکی لە گەڵ ئێران لە بوارەکانی سیاسی، ئابوری، ئەمنی، کۆمەڵایەتی و کەلتوری هەبووە. ئەم نزیکایەتییەی ئێران و عێراق لە ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو وڵات ڕەنگدانەوەی هەبووە. لە ساڵانی ڕابردوودا عێراق بەردەوام یەکێک لە هاوبەشە گرنگە بازرگانییەکانی ئێران بووە. ساڵی 2022 ڕێژەی هەناردەی ئێران بۆ عێراق زیاتر لە 10 ملیار دۆلار بووە کە نزیکەی لە سەدا 20 ی کۆی گشتی هەناردەی ئێران لە خۆ دەگرێت. هەروەها لە 5 مانگی سەرەتایی ئەمساڵی کۆچی هەتاوی، هەناردەی ئێران بۆ عێراق نزیکەی 3 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار ووە کە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 18.5 گەشەی هەبووە.
ئەم گەشەیە لە کاتێکدایە کە هەر لەو ماوەیەدا هەناردەی ئێران بۆ وڵاتانی دیکە ڕووی لە دابەزین کردووە. هەر بۆیە ئامارەکان بە ڕوونی پیشاندەری گرنگی ستراتیژیی وڵاتی عێراقە لە نەخشەی بازرگانیی ئێران. ئەڵبەت هەناردەی ئێران بۆ عێراق لە ڕوویەکی دیکەوە گرنگە. بە پێچەوانەی هەناردەی ئێران بۆ وڵاتانی وەک چین کە زۆربەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان و مادەی سەرەتاییە، زۆربەی هەناردەی ئێران بۆ عێراق بەرهەمە ناوخۆییەکانی ئێرانە. سەرەڕای ئەمەش گۆڕانکارییەکان لە پێکهاتەی ئابوریی عێراق دەتوانێت تایبەتمەندییەکانی کاڵا و بەرهەمی ئێرانی بۆ کێبڕکێ لە بازاڕی ئەم وڵاتە لە ناو ببات. بە پێی لێکۆڵینەوەکان، لە کۆی گشتی ئەو 251 جۆرە کاڵایەی کە لە ئێرانەوە هەناردەی عێراق دەکرێت، لە ئەگەری چالاکی زیاتری ڕکابەرەکان، تەنیا 25 کاڵای ئێرانی دەتوانێت بە هەمان تایبەتمەندییەوە بمێننەوە.
یەحیا ئالی ئێسحاق سەرۆکی ژووری هاوبەشی بازرگانیی ئێران – عێراق بە ئاماژە بە چالاکبوونی دیپلۆماسی ئابوریی ئێران، وتی: ئەمڕۆ دیپلۆماسی ئابوری بووەتە بابەتێکی گرنگ بۆ وڵاتانی جیهان، بەم هۆیەوە دەبێت گرنگی بە پێویستی و تایبەتمەندییەکانی ئەم بوارەوە بدرێت. دیپلۆماسی ئابوری بە واتای کەڵک وەرگرتنی شیاوە لە ئامرازە ئابورییەکان لە پێناو مسۆگەربوونی ئامانجە سیاسییەکان. گەشە و ئاسایشی وڵات پەیوەندی ڕاستەوخۆی لە گەڵ ستراتیژی بازرگانی هەیە.
سەرۆکی ژووری هاوبەشی بازرگانیی ئێران – عێراق، وتی: یەکێک لەو پێوەرانەی کە دەتوانین ڕێژەی گەشە و پێشکەوتنی وڵاتان هەڵبسەنگێنین، جۆری ئامادەبوونی ئەوانە لە نەخشەی بازرگانیی نێودەوڵەتی. پەیوەندی داهاتی بازرگانی و ڕێژەی وەبەرهێنانی ناوخۆیی پیشاندەری بەهێزبوونی هەر وڵاتێکە، ئەم ڕێژەیەش لە وڵاتانی گەشەسەندوو لە سەدا 70 تا 80 دەبێت و لە وڵاتانی بەرەو گەشەسەندوویی لە سەدا 50 و لە وڵاتانی گەشەنەسەندووش ڕێژەکە لە سەدا 30 و تەنانەت کەمترە.
ناوبراو وتی: بەداخەوە کە لە ڕابردوودا پێگەی دیپۆماسی ئابوری هێندە خوازراو نەبووە و سیاسەتدانەرانی دەزگای دیپلۆماس گرنگییەکیان بەم بابەتە نەداوە. لەو سەردەمەدا باڵیۆزەکان هێندە گرنگییان بە کاروباری ئابوری نەدەدا بەڵام لە ئێستا دۆخەکە ڕووی لە باشتربوون کردووە. ئەندامبوونی ئێران لە گرووپی بریکس، شانگهای، ئیکۆ و ئوراسیا پیشاندەری ئیرادەی کابینەی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ بەهێزکردنی دیپلۆماسی ئابوری. ئەوەی کە لە نێو 20 وڵاتی داواکار بۆ ئەندامبوون لە گرووپی بریکس، ئێران هەڵبژێردرا، بابەتێکی گرنگە بەڵام هێشتا لە سەرەتای ڕێگاکەداین.
یەحیا ئالی ئێسحاق وتی: پێویستە کەڵک لە بەرژەوەندییەکانی ئەندامبوون لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان وەربگرین و بۆ ئەمەش پێویستە کە یەکدەنگی لە دیپلۆماسی ئابوری وڵاتدا هەبێت. بۆ نموونە، لایەنەکانی وەک دەزگا ئەمنییەکان، بانکی ناوەندی، وەزارەتی دەرەوە و چەندین دەزگای دیکە لەم بوارەدا بوونیان هەیە و پێویستە ئەنجومەنێک لە ژێر چاودێری جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێراندا پێک بهێندرێت تا لە نێوان ئەم لایەنانەدا هاوئاهەنگی دابین بکات، ئەڵبەت ئەمەش تەنیا بە ئامادەبوونی ژووری بازرگانی و کەرتی تایبەت دەکرێت.
ناوبراو وتی: پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق ستراتیژییە و کاریگەریی لە سەر سەرجەم بوارەکان هەیە. ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 10 ملیار دۆلار کاڵا هەناردە کرا و لە 5 مانگەی سەرەتایی ئەمساڵ زیاتر لە 3 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە و هیوادارین ئەمساڵیش ڕێژەی هەناردە بگاتەوە هەمان 10 ملیار دۆلار.
وتیشی کە ئەگەر عێراق کێشە ئەمنییەکانی چارەسەر بکات، لە 10 ساڵی داهاتوودا یەکێک لە گەورەترین بازاڕەکانی ناوچەکەی دەبێت، ئێمە ئەزموونی لە دەستدانی بازاڕەکانی ئاسیای ناوەڕاستمان هەیە و نابێت ئەم ئەزموونە سەبارەت بە عێراق دووبارە ببێتەوە و بۆ ئەمەش پێویستمان بە ستراتیژێکی باشتر هەیە./.