بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کازم غەریب ئابادی جێگری سەرۆکی دەزگای داد و سکرتێری ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران لە وتووێژی تایبەت لە گەڵ کەناڵی العالم، سەبارەت بە کردنەوەی دۆسیەی دژ بە گرووپی تیرۆریستی مونافقین و بڕیاردان لە سەر تاوانەکانی ئەم گرووپە تیرۆریستییە، ئاڵوگۆڕی بەندکراوان لە نێوان ئێران و ئەمریکا و هەروەها دۆسیەی تیرۆرکردنی شەهید حاجی قاسم سولەیمانی بۆچوونی خۆیی دەربڕی.
ناوبراو وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران ڕەنگە لە ڕیزی ئەو دەگمەن وڵاتانەدا بێت کە بەردەوام بووەتە ئامانجی کردەوە تیرۆریستییەکان. پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی، گرووپە تیرۆریستییەکان بە پاڵپشتی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا پێکهێنران و زیاتر لە 17 هەزار کەسی بێ تاوانیان تیرۆر کرد. ئەو 17 هەزار کەسە پەیوەندی بە ساڵانی ڕابردووەوە هەبووە و ئێستا دەزگا پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی نوێکردنەوەی ئامارەکەن کە بە دڵنیاییەوە زیاتر لە 17 هەزار کەس دەبێت و ئەو 17 هەزار کەسەش لە لایەن گرووپی تیرۆریستی مونافقین لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران کراونەتە ئامانج و شەهید کراون.
وڵاتانی ڕۆژئاوا گرووپە تیرۆریستییەکان لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوەی خۆیان بەکار دێنن
کازم غەریب ئابادی وتی: گرووپی تیرۆریستی مونافقین وەک گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە لە وڵاتانی ڕۆژئاوایە و لە لایەن ئەو وڵاتانەوە پاڵپشتی دەکرێت. ئەڵبەت لەو بڕوایەداین کە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە گرووپە تیرۆریستییەکان وەک ئامرازێکی گەیشتن بە ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوەی خۆیان کەڵک وەردەگرن. ئەم گرووپە تیرۆریستییانە توانا و دەفرایەتییەکی وەهایان نییە کە بتوانن لە دەرەوەی وڵات ببنە پاڵپشتێک بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا و لایەنگرانی ئەوان.
گرووپە تیرۆریستییەکان دەبێت وەڵامدەرەوەی تاوانەکانی خۆیان بن
سکرتێری ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند: ئەم گرووپانە بە تایبەت گرووپی تیرۆریستی مونافقین نەک تەنیا لە ناوخۆی وڵات قبووڵکراوی خەڵک نین بەڵکوو نەفرەت لێکراون کە دەبێت لە بەرامبەر تاوان و کردەوە تیرۆریستییەکانیان وەڵامدەرەوە بن.
ناوبراو وتی: ئێمە دەبێت سەرجەم ئەو گرووپە تیرۆریستییانە وەڵامدەر بکەین، چ ئەوانەی کە لە دژی گەلی ئێران دەستیان بە تاوانەکان تێکەڵ کردووە و چ ئەوانەی کە لە وڵاتانی دیکەدان. ئێمە لە بنەڕەتدا دژی تیرۆریزم و گرووپە تیرۆریستییەکانین و بۆ ئەمەش کەڵک لە سەرجەم توانای ناوخۆیی و سیاسییەکان لە دەرەوەش وەردەگرین و موڵەتی ئەوە نادەین ئەم گرووپە تیرۆریستییانە بە کردەوەکانی خۆیان ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ڕوبەڕوی مەترسی بکەنەوە و ئەو ئارامییەی لە ژیانی خەڵکدا هەیە تێک بدرێت.
کازم غەریب ئابادی وتی: دۆسیەیەک کە بەم دواییانە کراوەتەوە بۆ 104 سەرکردە و ئەندامی باڵای گرووپی تیرۆریستی مونافقین بووە و ئەو موڵەتەش کە بۆیان دیاریکراوە تا پارێزەرەکانی خۆیان دەستنیشان بکەن کۆتایی هاتووە و لە ئێستادا بە پێی یاساکانی دەزگای دادی ئێران کەڵک لە پارێزەری دیاریکراو وەردەگرن و سەرجەم قۆناغەکانی تاوتوێکردنی دۆسیەکەش وەک دۆسیەکانی دیکە دەبێت تا ئەم گرووپە تیرۆریستییە لە بەرامبەر کردەوە تیرۆریستییەکانی وەڵامدەرەوە بکەین.
ناوبراو وتی: ئەمە یەکەم هەنگاو نییە و هەنگاوی پێشووتریش هەبووە و لە ئێستادا دۆسیەکە لە قۆناغەکانی یاسایی خۆیدایە و هەر بڕیارێک لە لایەن دادگاوە دەربکرێت لە ناوەند جیاجیاکانەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت لە بەر ئەوەی کە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا وەک ئەرکێک لە سەر شانمانە.
کۆماری ئیسلامی ئێران پێشوازی لە هەڵوێستی حکومەتی ئەلبانیا دەکات
غەریب ئابادی وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران پێشوازی لە هەڵوێستی حکومەتی ئەلبانیا سەبارەت بە گرووپی تیرۆریستی مونافقین دەکات کە ئەڵبەت ئەمەش کەمە بەڵام گەشبینین کە بەرپرسانی ئەو وڵاتە بەو ڕاستییە گەیشتوون کە ئەم گرووپە لە ڕاستیدا و بە کردەوە تیرۆریستییە و بوونی ئەو تیرۆریستانە لە ئەلبانیا لە ڕاستیدا هەڕەشەیەکە لە سەر ئاسایشی و سەقامگیریی ئەو وڵاتە. بەرپرسانی وڵاتانی دیکەی ئەورووپیش بابەتەکەیان پشتڕاست کردووەتەوە و لەو بڕوایەدان کە بوونی گرووپی تیرۆریستی مونافقین هەڕەشەیە لە سەر ئاسایشی ئەورووپا بە گشتی.
دەبێت سەرکردەی گرووپە تیرۆریستییەکان ڕادەستی ئێران بکرێنەوە
جێگری سەرۆکی دەزگای دادی ئێران وتی: ئێمە داوا لەو وڵاتانە دەکەین کە ئەندامان و سەرکردەکانی گرووپی تیرۆریستی مونافقینیان شوێن کردووەتەوە، ئەوان یان دەربکەن و ڕادەستیان بکەنەوە یان لە دادگاکانی خۆیان دۆسیەی تاوانەکانی ئەو گرووپە تیرۆریستییە بکەنەوە و دادگایی بکرێن. لە ئێستادا بەڵگەی زۆر لە سەر گرووپی تیرۆریستی مونافقین لە دەستماندایە و ئەگەر ئەو وڵاتانە بیانەوێت کۆماری ئیسلامی ئێران بەڵگەکان بەوان دەدات، هەر بە هۆی بەڵگەکانی ئێرانیشەوە بووە کە بەو ڕاستییە گەیشتوون گرووپی مونافقین هەڕەشەیە لە سەر ئەو وڵاتانە و ئەورووپا بە گشتی.
ئاڵوگۆڕی بەندکراوانی ئێران و ئەمریکا
سکرتێری ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران وتی: بە پێی دانوستان و ئەو ڕێکەوتنەی کە لە نێوان تاران و واشنتن کراوە، بڕیار دراوە کە ئەو بەندکراوە ئێرانییانەی کە بە نایاسایی و بە تۆمەتی بێ بنەما وەک بێ کاریگەرکردنی سزا و گەمارۆکان لە ئەمریکا گیراون ئازاد بکرێن و ژمارەیەک لەوانەش کە ڕەگەزنامەی دووەمی ئەمریکییان هەیە لە ئێران ئازاد بکرێن.
غەریب ئابادی وتی: هاوکات لە گەڵ دانوستانی ئازادکردنی گیراوانی هەر دوو لا، دانوستانیش سەبارەت بە ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە، بەڕێوەچوو کە ئەمەش بە ڕێڕەوی خۆیدا تێپەڕ دەبێت. دەبێت ئەوەش بوترێت کە پارەکانی ئێران لە وڵاتانی دیکە لە لایەن ئەمریکاوە بە بارمتە گیراوە و ئەمەش هیچ پەیوەندییەکی بە ئازادکردنی گیراوانی ئەمریکییەوە نییە. دانوستانی ئێران لە سەر ئازادکردنی گیراوان وەک پاڵپشتییەکە لە هاووڵاتیانی خۆمان کە بە تۆمەتی بێ بنەما لە لایەن ئەو وڵاتەوە گیراون.
دۆسیەی تیرۆری شەهید سولەیمانی
کازم غەریب ئابادی وتی: دۆسیەی تۆمەتبارانی تیرۆری شەهید حاجی قاسم سولەیمانی چەند مانگ بەر لە ئێستا کراوەتەوە و لقێکی تایبەت لە دادگای تاران کار لە سەر ئەو دۆسیەیە دەکات و ڕەنگە لە ماوەی دوو مانگی داهاتوو دانیشتنەکانی دادگا دەست پێبکات و لە قۆناغی یەکەمدا دادگا ئیش لە سەر تۆمەتبارانی ئەمریکی دەکات. دۆسیەکە زیاتر لە 70 تۆمەتباری هەیە کە گرنگترینی ئەوانەش دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشوو، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی پێشوو و ژنڕاڵ مەکێنزی فەرماندەی سنتکۆمن و دادگا بە پێی بەڵگەکان پرۆسەی دادگاییکردنەکە دەست پێدەکات./.