بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جەهانبەخش سەنجابی شیرازی سەبارەت بە گرنگی بازاڕی عێراق بۆ ئێران دوو پرسیاری ئاراستە کردووە. یەکەم، ئایا دەتوانین بازاڕی عێراق بپارێزین؟ دووەم، ئایا لە هەموو توانای خۆمان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان لە گەڵ عێراق کەڵکمان وەرگرتووە؟
ناوبراو لە وەڵامی پرسیارەکانیدا وتی: لە بودجەی ئەمساڵی عێراق، پشکی بەرچاوی بودجەی ئاوەدانکردنەوەیە، هەر بۆیە هاوردە بە تایبەت هاوردەی کاڵا و پێداویستی ژێرخانی بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
سەنجابی شیرازی وتی: ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی عێراق لە ساڵی 2021 زیاتر لە 148 ملیار دۆلار بووە، 87 ملیار دۆلار هەناردە و 61 ملیار دۆلاریش هاوردەی عێراق بووە کە ئەمەش لە ڕووی بازرگانییەوە پێگەی ئەرێنی بۆ ئەم وڵاتە هەبووە.
سکرتێری گشتی ژووری هاوبەشی بازرگانیی ئێران – عێراق، وتی: پێشبینی دەکرێت کە هاوردەی عێراق ساڵانە لە سەدا 20 گەشەی هەبێت کە پێویستە ئێرانیش بۆ ئامادەبوونی زیاتر لەم بازاڕەدا پلانی هەبێت.
سەنجابی شیرازی بە ئاماژە بە هاوبەشە بازرگانییەکانی عێراق وتی: تورکیا تا ساڵی 2016 زیاترین پشکی لە بازاڕی عێراقدا هەبووە کە لە ساڵی 2017 ئیمارات شوێنی گرتەوە، بەڵام جیدیترین ڕکابەری ئێران لە عێراقدا چینە. باشترین پێگەی ئێران لە بازرگانی لە گەڵ عێراق لە ساڵی 2018 بووە کە لە سەدا 16.7 ی بازاڕی ئەم وڵاتەمان هەبووە و لە پاش ئیمارات پلەی دووەم بۆ ئێران بووە.
سکرتێری گشتی ژووری هاوبەشی بازرگانیی ئێران – عێراق، وتی: عێراق لە کاتی قەیرانەکاندا زیاتر لە ئێران نزیک دەبێتەوە و دەبێت باشتر کەڵک لە بازاڕی ئەم وڵاتە وەربگرین.
ناوبراو وتی: دەبێت هاوسەنگکردنی بازرگانی لە گەڵ عێراق وەک پلانێک کاری لە سەر بکرێت تا بە دابینکردنی بەرژەوەندی هاوبەش بازاڕی ئەم وڵاتە بپارێزین، هەروەها پێویستە لە سەر بازاڕی عێراق توێژینەوە بکرێت و هەروەها دەبێت گرنگی بە پێداویستییەکانی بازاڕی عێراق بدەین. لە ئێستادا ئێران لە سەدا 8.2 ی کەرەستە و پێداویستی پیشەسازی، لە سەدا 7.26 ی پێداویستی ئەم وڵاتە لە بواری کشتووکاڵ و مادە خۆراکییەکان و لە سەدا 18.9 ی پێداویستی بە مادە کانزاییەکان لە لایەن ئێرانەوە دابین دەکرێت، ئەمەش پیشان دەدات کە لە نێوان پێداویستییەکانی عێراق و هەناردەی ئێران هاوسەنگییەک نییە و پیشاندەری نەبوونی توێژینەوەیە لە سەر ئەم بازاڕە گرنگە لە لایەن ئێرانەوە، ئەگەرچی لە ئێستادا لە سەدا 12.5 ی بازاڕی عێراقمان هەیە بەڵام پێویستمان بە پلانی زیاتر هەیە.
جەهانبەخش سەنجابی شیرازی وتی: بەهای کاڵا و بەرهەمە هەناردەکراوەکانی ئێمە بۆ عێراق دوو هێندەی بەهای هەناردەیە بۆ وڵاتانی دیکەی جیهان و ئەمەش وا دەکات کە گرنگییەکی زیاتر بە بازاڕی عێراق بدەین. لە ساڵانی داهاتوودا لە ئەگەری نەبوونی پلانی پێویست، ڕکابەرەکان دەتوانن پشکی زیاتر لە بازاڕی عێراق بە دەست بێنن و ئەمەش پێویستی بەوە هەیە کە بە بەرژەوەندی هاوبەش لە گەڵ عێراق پشکی خۆمان لە بازاڕی ئەم وڵاتە زیاتر بکەین./.