بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مۆساد یان دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی ڕژێمی زایۆنیستی هەر لە سەرەتاوە بۆ یەک ئامانج، واتە تیرۆر و توندووتیژی دامەزراوە. بەڵام تا ئێستا لە مێژووی ڕەشی خۆیدا هیچ کات بەرپرسیاریەتی هیچ کوشتن و تیرۆرێکی لە ئەستۆ نەگرتووە. ئێستا دەیڤید بارنیە سەرۆکی مۆساد بە فەرمی ڕایگەیاندووە کە تیرۆر دەکات و بە پێچەوانەی ڕابردووش ئەمجارە بەرپرسیاریەتی تیرۆرەکان پێش ئەنجامدانیان لە ئەستۆ دەگرێت. ئاشکرایە کە مۆساد لە تیرۆرکردن لاواز بووە و هەر بۆیە پەنای بۆ هەڕەشەکردن هێناوە تا بتوانێت ڕواڵەتی شڵەژاوی خۆی لە ژێر باری گوشاری هێرشەکانی بەرەی خۆڕاگریدا چاک بکاتەوە.
سەرۆکی مۆساد دەبێت بزانێت کە سەردەمی دەستکراوەیی دەزگاکەی و تیرۆرکردنی ئاسان و ئاسوودە بە کۆتایی گەیشتووە و ئەو لە ئێستادا تەنیا هەڕەشە و دووبارەکردنەوەی بانگەشەکانی بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستیی بۆ ماوەتەوە. نتانیاهۆ ماوەی دوو دەیەی تەواوە هەڕەشەی ئەوە دەکات هێرشی سەربازی دەکاتە سەر ئێران، لوبنان بۆ سەردەمی بەردین دەگەڕێنێتەوە، سەرکردەکانی خۆڕاگریی فەڵەستین تیرۆر دەکات یان غەززە جارێکی دیکە داگیر دەکاتەوە، بێ ئەوەی کە لە توانایدا بێت هەڕەشەکانی بکاتە کردار و بە دڵنیاییەوە کە ئەم خەونانەی دەباتە گۆڕەوە.
بارنیە هەر دەبێت بە توڕەییەوە وا هەڕەشە بکات، لە بەر ئەوەی کە گەنجانی فەڵەستینی لە کەرتی خۆرئاوا کێشە و گرفتی زۆریان بۆ ڕژێمی زایۆنیستی و مۆساد خوڵقاندووە و گاڵتە بە هێزی ئەو ڕژێمەوە دەکەن. خەباتگێڕان و تێکۆشەرانی فەڵەستینی لە کەرتی خۆرئاوا تەنیا لە ماوەی 24 کاتژمێردا 17 چالاکییان ئەنجامداوە.
بارنیە، نتانیاهۆ و زایۆنیستەکانی دیکە پاش لاوازبوون و شکستیان لە کۆتایی هێنان بە هێزی خۆڕاگری لای گەنجانی فەڵەستینی لە کەرتی خۆرئاوا، هیچ ڕێگایەکیان بۆ پەردەپۆشکردن و شاردنەوەی شکستەکانیان لە بەردەمدا نەماوە بەدەر لە هەڕەشەکردنی ئێران نەبێت.
ئایا گەلی فەڵەستین پێویستیان بە هاندەرێکە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی زایۆنیستەکانی داگیرکار؟ بە دڵنیاییەوە وا نییە و ئەو گەنجانەی فەڵەستین کە ڕۆژانە دەسدرێژی و هێرشی سەربازی، تاوانی شارۆچکەنشینەکان، سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی وەک مزگەوتی ئەقسا، ئاوارەبوونی هاووڵاتیان و شەهیدبوونی گەنج و پیر و ژن و مێردی فەڵەستینی دەبینن، تەنیا بژاردەی خۆڕاگری لە بەرامبەر ئەم هەموو تاوان و دەسدرێژییە هەڵدەبژێرن.
ئێمە بە سەرۆکی مۆساد دەڵێین کە ڕژێمە لاوازبووەکەی ئێوە هیچ کات هێزی حزبوڵڵای نییە کە لە سنورە هاوبەشەکانی لوبنان و ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستیندا خێوەتیان هەڵداوە بۆ ئەوەی کە ئەگەر بچووکترین هەڵەیەک بکەن وەڵامتان بدەنەوە. حزبوڵڵا بە پشت بەستن بە هێزی گەنجانی خۆڕاگر ئێوە بەرەو لێواری لەناوچوونی هەمیشەیی دەبات. ئایا بەم کارنامە پڕ لە شکست و لاوازییەوە هەڕەشە لە بەرپرسانی ئێرانی دەکەیت؟ بە دڵنیاییەوە کە ئەم هەڕەشەیە ئەنجامی سترێس و دڵەڕاوکێ و ترسێکی زۆرە کە لە هێزی حزبوڵڵا، خۆڕاگریی فەڵەستین و پێشکەوتنە سەربازییەکانی ئێران لێتان نیشتووە./.