بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نەبیل قاووق ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی حزبوڵڵا بە ئاماژە بە تەنگەژەی سیاسی لە لوبنان، وتی: ئێمە وەک حزبوڵڵا هەموو هەوڵەکانمان بۆ خزمەت گەیاندن بە خەڵک و کەمکردنەوەی ئێش و ئازارەکانی ئەوان و دۆزینەوەی رێگاچارەی دەربازبوون لە قەیرانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەکار دێنین و وەڵامی هەموو دەستپێشخەرییەک دەدەینەوە بەڵام گرووپێک هەیە کە بەردەوام هەوڵی خوڵقاندنی کێشە و ڕوبەڕوبونەوە دەدەن و لە بەرامبەر هەر دەستپێشخەرییەک قەیرانێکی نوێ دەخوڵقێنن.
ناوبراو بە ئاماژە بە دەستپێشخەری سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، وتی: لایەنی بەرامبەر بە ئاشکرا دژی ئەم هەوڵەیە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بە تەنیا هەوڵی ڕاستەقینەی ڕزگاربوونی وڵاتی دەزانین بەڵام لایەنی بەرامبەر دەیەوێت بۆشایی سیاسی و قەیران لە لوبنان بەردەوام بێت.
ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی حزبوڵڵا هەروەها وتی: لایەنی بەرامبەر سەرۆک کۆمارێکی دەوێت کە لە سزاکانی ئەمریکا بترسێت بەڵام ئێمە بەوانمان ڕاگەیاندووە کە سەرۆک کۆمارێک لە ئەمریکا و سزاکانی بترسێت بۆ لوبنان گونجاو نییە.
نەبیل قاووق وتی: لوبنان مەترسی هەڵوەشانەوەی ئابوری و پیلانگێڕییەکی نوێی لە پێشە، هەر بۆیە دەبێت سەرۆک کۆمارێک هەڵبژێردرێت کە هێزی ڕوبەڕوبونەوەی مەترسی و پیلانەکانی هەبێت و هەروەها بتوانێت وڵات لەم قەیرانە داراییە ڕزگار بکات./.