بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕێکخراوی زایۆنیستیی ” پاسەوانی نوێ ” بە پێی داتا و ئامارەکانی خۆی ڕایگەیاندووە کە هەستکردن بە ئاسایش و پارێزراوی لە نێوان دانیشتووانی ناوچە داگیرکراوەکان دابەزیوە.
ڕۆژنامەی زایۆنیستیی ” ئیسرائیل هیۆم ” ئەمڕۆ سێ شەممە 5 ی ئەیلولی 2023 ڕایگەیاندووە کە داتا و ئامارەکانی ڕێکخراوی پاسەوانی نوێ پیشان دەدات کە لە سەدا 55 ی دانیشتووانی ناوچە داگیرکراوەکان هەست بە ئاسایش ناکەن و لەو بڕوایەدان کە ئاستی پارێزراوبوونی ئەوان دابەزیوە.
بە پێی ئەو ڕاپۆرتەش، ئاماری نوێ بەراورد بە ئاماری ساڵی ڕابردوو کە پیشانی دەدا لە سەدا 41 ی دانیشتووانی ناوچە داگیرکراوەکان هەست بە ئاسایش ناکەن، بە شێوازی بەرچاو بەرز بووەتەوە.
ئیسرائیل هیۆم ڕایگەیاندووە کە لە سەدا 18 ی دانیشتووانی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین بە هۆی ئەوەی کە هەست بە بوونی ئاسایش و پارێزراوی ناکەن، شەوانە لە ماڵەکانیان نایەنە دەرەوە.
نووسەرانی ڕاپۆرتەکە ڕایانگەیاندووە کە بەرزبوونەوەی ڕێژەی تاوانەکان، توندووتیژی و هەروەها دیاردەی وەرگرتنی سەرانە لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین لە هۆکارەکانی هەستنەکردن بە ئاسایشە.
ڕاپۆرتەکە ڕایگەیاندووە کە شارۆچکەنشینەکان متمانەیان بە دەزگا ئەمنییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی نییە و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بۆ تۆمارکردنی سکاڵا سەردانی پۆلیس ناکەن بە شێوازێک کە تەنیا لە سەدا 25 ی ئەوان ڕایانگەیاندووە متمانەیان بە پۆلیس ماوە./.