بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یەکەم لقەکانی بانک، کتێبخانەی نیشتمانی، شانۆ، پاس و یەکەم وێستگەی هێڵی ئاسن لە ئێران لە شاری ڕەشتدا بووە. ئەو شارەوانییەی کە لە ڕەشتدا کرایەوە و کۆمەڵە ئیمکانیات و تایبەتمەندییەکی بەراورد بە شارەوانییەکانی دیکەی ئێران هەبوو، وایکرد کە شاری ڕەشت ناسنامەیەکی نوێی هەبێت. بەرە بەرە نووسینگەکانی دیکەش لە ڕەشت کرانەوە و بەمەش گۆڕەپانی شارەوانی ڕەشت بووە سەنتەری شارەکە و بە ڕوبەری 7000 مەتری چوارگۆشە، وەک یەکەم گۆڕەپانی شارەوانی لە ئێران ناو نرا.
ئەگەر بۆ مێژوویەکی دوور بگەڕێینەوە، ئەم ناوچەیە گردێک بووە کە خەڵک کەسێکی ئائینییان تێدا ناشتووە. ئەو کەسە بە حەزرەتی ئەبو جەعفەر ناسراو بووە کە زۆربەی خەڵکی ناوچەکەی موسڵمان کردووە. دانیشتووانی شارەکەش گۆڕستانێکیان بە دەوری ئەم مەزارەدا کردەوە.
بەڵام پێش درووستکردنی گۆڕەپانی شارەوانی، پێویست بە لەناوبردنی ئەو گۆڕستان و مەزارەی دەکرد بەڵام مەزارەکە وەک خۆی مایەوە. خاڵی گرنگ ئەوەیە کە لە کاتی درووستکردنی بیناکە، هەندێک کەلوپەلی مێژوویی سەردەمی تەیمورییەکان دۆزرانەوە کە پیشان دەدات مێژووی ناوچەکە لەوەش کۆنترە.
ئەمڕۆ گۆڕەپانی شارەوانی ڕەشت بەو گۆڕانکارییانەی تێیدا کراوە، جیاوازترە لەو کاتەی کە بۆ یەکەم جار درووست کراوە. بۆ نموونە، دوایین گۆڕانکارییەکانی چواردەوری ئەم گۆڕەپانە ئەوەیە کە هیچ ئۆتۆمبێلێک نەتوانێت لێی نزیک ببێتەوە و خەڵک بە ئاسانی بتوانن چێژ لە جوانییەکان، کڕین و چاوپێکەوتنەکانیان وەربگرن.
ئەم گۆڕانکارییانەش بوونەتە هۆی ئەوەی کە گۆڕەپانی شارەوانی ڕەشت ببێتە شوێنێکی هەرە جوان بۆ چاوپێکەوتنەکان، پیاسەکردن، کڕین و گەشتکردن. تەواوی بینا گشتییەکانی چواردەوری ئەم گۆڕەپانە بە ڕووناکی ڕازاونەتەوە و شەو دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێشە بۆ گەشتیاران.
سێ ساڵ پاش درووستکردنی کۆشکی شارەوانی ڕەشت، لە ساڵی 1308 ی کۆچی هەتاوی لە سەر تاوەری چاودێری کاتژمێرێک دانرا کە هەر ئێستاش وەک ڕۆژی یەکەم کار دەکات و دەنگی زەنگەکەی بۆ دانیشتووانی ڕەشت کە بە هەزاران جار ئەوەیان بیستووە، هێشتا نوێ و سەرنجڕاکێشە. زەنگی کاتژمێرەکەی گۆڕەپانی شارەوانی، هەر کاتژمێر و هەروەها هەر نیو کاتژمێر لێدەدرێت و بووەتە یادگارێک بۆ خەڵک و شارەکە.
هەروەها کتێبخانەی نیشتمانیی ئێران لە شاری ڕەشتدایە و سەر بە هیچ دەزگا و ڕێکخراوێک نییە و تەواوی تێچووەکەی لە کرێی دووکانەکانی ئەم کتێبخانەیە و کەسانی خێرخواز دابین دەکرێت.
تایبەتمەندی ئەم کتێبخانە تەنیا دابینکردنی تێچووەکانی نییە، بەڵکوو یەکەم کتێبخانەی نیشتمانیی ئێرانە و کردنەوەی لە شاری ڕەشت بۆ گرنگیدانی خەڵک و بەرپرسانی ئەو کاتەی شارەکە بە بواری کتێب و کتێب خوێندن دەگەڕێتەوە. کتێبخانەی نیشتمانیی ڕەشت لە ساڵی 1306 ی کۆچی هەتاوی و لە لایەن محەممەد عەلی تەربیەت کراوەتەوە.
تێکەڵبوونی شێوازی بیناسازیی ئێرانی و ئەورووپی وایکردووە کە ئەم بینایە ببێتە یەکێک لە جوانترین بیناکانی گۆڕەپانی شارەوانی ڕەشت، بە شێوازێک کە کەمتر کەسێک هەیە بەو شوێنەدا تێپەڕ بێت و وێنەی یادگاری نەگرێت.
کاتێک باسی گۆڕەپانی شارەوانی ڕەشت دەکەین، هەموو شتێک لە خۆ دەگرێت، واتە گرنگترین بیناکان لێرەدا بوونیان هەیە، هوتێل ئێرانی ڕەشت یەکێک لە بیناکانە کە لە باکوری ڕۆژئاوای گۆڕەپانەکە و لە ساڵی 1308 تا 1314 ی کۆچی هەتاوی کراوەتەوە.
لە ئێستادا هوتێلەکە تەنیا لە کاتی بەڕێوەچوونی پێشانگاکان بە ڕووی خەڵکدا دەکرێتەوە و بڕیارە لە داهاتوودا بکرێتە مۆزەخانەیەکی کەلتوری و نیشتمانی.
باکوری ڕۆژهەڵاتی کۆشکی شارەوانیی ڕەشت بینایەکی 4 نهۆمی سپی ڕەنگە کە نهۆمی سێهەمی وەک کڵاوی ئەورووپی درووست کراوە، بینای فەرمانگەی پۆستەی ڕەشت کە پێشتر بە ناوی بینای پۆستە و تەلەفوون و تەلەگراف دەناسرا. بیناکە لە ساڵی 1309 ی کۆچی هەتاوی کراوەتەوە.
یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی گۆڕەپانی شارەوانیی ڕەشت، بازاڕی گەورەیە، بازاڕێکی ڕەنگاوڕەنگ کە وایکردووە هەر گەشتیارێک کاتی سەردانیکردنی شارەکە سەردانی بکات.
بەم هەموو جوانی و تایبەتمەندییەوە دەتوانین بڵێین کە سەردانیکردنی ڕشت لە باکوری ئێران بۆ ساڵەها لە یاد و بیرەوەرییەکانی ئێوەدا دەمێنێتەوە./.