بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەسعەب بریم وتەبێژی میدیایی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین وتی کە بەرەی خۆڕاگری بە هەموو توانا سیاسی، سەربازی و مەیدانییەکەیەوە لە فەڵەستین تا کۆماری ئیسلامی ئێران، هیچ کات موڵەتی ئارامی و سەقامگیری بە ڕژێمی زایۆنیستی نادات.
زیاد نەخالە ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین و ساڵح عاروری جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لە بەیروت لە گەڵ سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان کۆبوونەوە.
وتەبێژی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین بە ئاماژە بەو کۆبوونەوە وتی: بەرەی خۆڕاگری لە بەرزترین ئاستی هاوئاهەنگی، مەیدانی و بەدواداچوون بۆ هەڵسووکەوتی دوژمندایە لە فەڵەستینی داگیرکراو و ناوچەکە بە گشتی.
بریم جەختی لە سەر یەکگرتوویی مەیدانیی بەرەی خۆڕاگری کردەوە و وتی کە ئەم یەکگرتووییە لە تێڕوانین و هەڵوێستی سەرکردەکانی خۆڕاگریدا بەدی دەکرێت.
ناوبراو وتی: ئامانج لە ساڵێک هەوڵ و تێکۆشان و قوربانبوونی ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە و هێزەکانی بەرەی خۆڕاگری، گەیشتن بەم ئاستە لە ئامادەیی لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی دوژمن، بەرگری، شکستی ڕژێمی زایۆنیستی و سنوردارکردنی ڕۆڵە مەترسیدارەکەی لە ناوچەی عەرەبی و ئیسلامی بووە./.