بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد موخبر لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی هێڵی ئاسنی شەلەمچە – بەسرە کە ڕۆژی شەممە 2 ی ئەیلولی 2023 بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سودانی لە خاڵی سنوریی نێوان هەر دوو وڵات بەڕێوەچوو، وتی: ئەم هێڵە پرۆژەی پێکەوەبەستنەوەی مەزارە پیرۆزەکانە کە هێڵی ڕاستەوخۆی گواستنەوەی زیارەتکاران لە کەربەلا و نەجەفەوە تا مەشهەد و بە پێچەوانەوە دابین دەکات.
ناوبراو وتی: هیوادارین بە هەوڵی بەرپرسانی هەر دوو وڵات، ئەم پرۆژەیە لە ماوەی دیاریکراوی خۆیدا جێبەجێ بکرێت و ئەم هێڵی پەیوەندییە بگاتە ئەنجام.
جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندییەکانی تاران و بەغدای بە گرنگ ناو برد و وتی: پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات بە پەیوەندییەکی شارستانی، ئائینی و مێژوویی دادەنرێت بەڵام ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە ئاستی ئەم پەیوەندییانەدا نییە.
موخبر وتی: بە پێی ئامارەکان ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو وڵات لە ئێستادا نزیکەی 11 ملیار یۆرۆیە و لە ئەگەری چارەسەرکردنی کێشە و بەربەستەکان، دەکرێت ئەم ڕێژەیە بگاتە 30 ملیار یۆرۆ.
وتیشی کە ئەمساڵ بۆ هاتووچۆی زیارەتکاران ڕێوشوێنی گونجاو گیراوەتەبەر و بە ئاسانی لە دەروازە سنورییەکانەوە هاتووچۆ دەکرێت و کێشەکانی ساڵانی ڕابردوو چارەسەر کراون./.