بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی پێکەوەبەستنی هێڵی ئاسنی شەلەمچە – بەسرە کە لە خاڵی سنوریی نێوان هەر دوو وڵات لە شەلەمچە بەڕێوەچوو، جەختیکردەوە کە حکومەتی عێراق هەوڵی دابینکردنی ژێرخانێک دەدات کە بە پێی زیاتربوونی ژمارەی زیارەتکاران لە ساڵانی داهاتوو بتوانێت هاتنی ئەوان ئاسانتر و ڕێگری لە ڕووداوەکانی هاتووچۆ بکات.
ناوبراو وتی: پرۆژەی پێکەوەبەستنەوەی هێڵی ئاسنی بەسرە – شەلەمچە ئەستوونێکی دیکەی پتەوکردنی ژێرخانە ئابورییەکانی ئێمە و بەهێزبوونی عێراقە لە پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و وەرگرتنی زیارەتکاران لە ئێران و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست.
سودانی بە ئاماژە بەوەی کە ئەم پرۆژە لە کابینەکانی پێشووش تاوتوێ کرا تا ئەوەی کە ڕێکەوتنەکەی لە ساڵی 2021 گەیشتە ئەنجام، وتی: هێڵی ئاسنی شەلەمچە دەروازەیەکی نوێی پەیوەندییە کە هیوادارین بگاتە شارە پیرۆزەکانی نەجەف و کەربەلا و سەرتاسەری ناوچەکە.
بەردی بناغەی پرۆژەی پێکەوەبەستنەوەی هێڵی ئاسنی ئێران و عێراق ڕۆژی شەممە 2 ی ئەیلولی 2023 بە ئامادەبوونی محەممەد موخبر جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران و محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دانرا. پرۆژەکە 32 کیلۆمەتر درێژیی هەیە و بڕیارە لە ماوەی 18 مانگی داهاتوودا تەواو بکرێت./.