بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەیروت، وتی: گەڕانەوەی ئێران و سعوودیە بۆ پەیوەندییە ئاساییەکانی خۆیان بە هەنگاوێکی ئەرێنی دەزانین و ژمارەیەک لە وڵاتان بە ئاشکرا و نهێنی هەوڵی گەڕانەوەی پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ئێران بۆ حاڵەتی ئاسایی دەدەن.
ناوبراو وتی: ئێران و سعوودیە ویستی دەستێوەردانیان لە کاروباری ناوخۆیی لوبنان نییە و لە سەردانەکەم بۆ سعوودیە چەندین بیرۆکەم سەبارەت بە لوبنان و ناوچەکە پێگەیشت و ئێرانیش پاڵپشتی لە هەر ڕێکەوتنێکی سەرکردە لوبنانییەکان دەکات.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی کە وتووێژ و گەڕانەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە بۆ حاڵەتی ئاسایی خۆی، کاریگەری زۆر باشی لە سەر دۆخی ناوچەکە بە تایبەت لوبنان هەبووە.
ناوبراو وتی کە هەر بڕیارێک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەتی نوێی لوبنان بۆ سەرکردەکانی ئەم وڵاتە دەگەڕێتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە قەیرانی کارەبای لوبنان وتی: پێشنیاری خۆمان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کارەبای لوبنان بەردەوام خستووەتەڕوو و ئەمەش پێویستی بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی ئەم وڵاتە هەیە و هەر کات بڕیار بدەن، ئێران ئامادەی ناردنی پسپۆڕانی خۆیە بۆ کردنەوەی وێستگەی کارەبا لە لوبنان. کۆمپانیا ئێرانییەکان ئەمڕۆ لە وڵاتانی دراوسێ و جیهان سەرقاڵی کردنەوەی وێستگەی کارەبان و ئەمەش گرێبەستێکە لە بەرژەوەندی تاران و بەیروت دەبێت.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە وەڵامی لێدوانێکی سەرۆک کۆماری فەرەنساش وتی: ئامۆژگاری مەکرۆن دەکەین کە لە جێی دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتای دیکە، بیر لە چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی فەرەنسا بکاتەوە، ئێران ڕۆڵی ئەرێنیی لە ناوچەکە و لوبناندا هەبووە و بەهێزەوە لە گەڵ دۆستانی خۆی لە لوبنان دەمێنێتەوە./.