بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا تاوتوێی دۆخی وەبەرهێنان و هەناردەی نەوتی ئێرانی لە مانگی ئابی 2023 کردووە.
بە وتەی ئەو ڕاپۆرتە، پێدەچێت بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەناردەی نەوتی ئێران لە ئەنجامی سەرکەوتنی ئەم وڵاتە لە بێ کاریگەرکردنی سزاکان و دوودڵیی واشنتن لە جێبەجێکردنیان بێت.
ئەمریکا لە ساڵی 2018 ەوە تا ئێستا هەوڵی ئەوەیداوە کە هەناردەی نەوتی ئێران سنوردار بکات، کاتێک کە دوناڵد ترەمپ لە ڕێکەوتنی ناوەکی ساڵی 2015 کشایەوە و جارێکی دیکە سزاکانی بە ئامانجی سنوردارکردنی داهاتە نەوتییەکانی ئێران خستەوە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەڵام بە پێی ئاماری جوڵەی نەوتهەڵگرەکان، هەناردەی نەوتی ئێران لە سەردەمی سەرۆکایەتی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئێستای ئەمریکا زیاتر بووە و چین بووەتە گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێران.
کۆمپانیای ڕاوێژکاریی SVB ئینتەرنەشناڵ پێی وایە کە ئێران لە هەوڵی ئەوەدایە ڕێژەی وەبەرهێنانی نەوت بۆ سەردەمی پێش سزاکان بگەڕێنێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بە هەڕەشەیەکی سیاسی بۆ بایدن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 ی ئەمریکا دادەنرێت، هەر بۆیە خستنەڕووی ڕێژەیەکی زیاتری نەوت لە بازاڕە نەوتییەکان دەتوانێت نرخەکان دابەزێنێت.
لە کاتێکدا کە میدیاکانی ڕۆژئاوا هەوڵ دەدەن بەرزبوونەوەی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ دانوستانەکانی تاران و واشنتن بگەڕێننەوە، بەڵام ئەوەی کە حکومەتی بایدن بە فەرمی ڕایدەگەێنێت، بابەتی دیکەیە و واشنتن بەردەوام پێداگری لە سەر جێبەجێکردنی سزاکان دەکاتەوە، بە شێوازێک کە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە واشنتن درێژە بە جێبەجێکردنی سزاکان دەدات و هەوڵ دەدەین وڵاتانی جیهان لە پێشێلکردنی سزاکان پاشگەز بکەینەوە.
ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی ئێران ئەستەمە
بە وتەی شرۆڤەکاران، ئێران ساڵانێکی زۆرە کە بە شێوازی جۆربەجۆر هەوڵی بێ کاریگەرکردنی سزاکان دەدات و بەردەوام تەکتیکەکانی باشتر دەکات.
بن کیهیل شرۆڤەکاری سەنتەری توێژینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاندووە کە ئێران بۆ هەناردەی نەوتی خۆی بۆ چین داشکاندنی زۆری کردووە و ئەمەش هانی کڕیارانی نەوتی ئەم وڵاتەی داوە. جێی سەرسوڕمان نییە کە ئەگەر ئێوە داشکاندن بۆ نەوتی خۆتان بکەن خواست لە سەر کڕینی بەرزتر ببێتەوە، من پێم وایە کە ڕاگرتنی ئەم بازرگانییە ئەستەمە.
ئامارەکانی شرۆڤەکاران و کەشتیوانیش ڕایانگەیاندووە کە نەوتی ئێران بەرەو سوریا و ڤەنزوێلا دەڕوات.
هەروەها بە پێی ئامارەکانی ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک)، وەبەرهێنانی نەوتی ڕۆژانەی ئێران گەیشتووەتە 3 ملیۆن و 150 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە و ئەمەش بەرزترین ڕێژەی پاش جێبەجێکردنی سزاکان لە ساڵی 2018 تا ئێستایە.
ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە کە ئاماری هەناردەی نەوتی ئێران لە مانگی ئاب گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 770 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە.
وەزیری نەوتی ئێرانیش ڕایگەیاندووە کە وەبەرهێنانی نەوتی ئەم وڵاتە تا کۆتایی مانگی ئەیلول دەگاتە زیاتر لە 3 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە./.