بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمڕۆ پێنج شەممە 31 ی ئابی 2023، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنی بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا، وێڕای گەیاندنی پەیامی بانگهێشتکردنی ناوبراو لە لایەن ئایەتوڵڵا ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێرانەوە، پاڵپشتی تارانی بۆ گەل و حکومەتی سوریا دووپات کردەوە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی ئێران وەک قۆناغی سەخت و دژواری ڕابردوو، لەم قۆناغە نوێیەش لە گەڵ گەل و حکومەتی سوریا دەمێنێتەوە.
ناوبراو وتی کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە تەواوکردنی ڕەوتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە گەڵ سوریا و گەلەکەی دەمێنێتەوە.
بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریاش لەو چاوپێکەوتنەدا ڕایگەیاند کە ئەمریکا لە ناوچەکە ستراتیژی دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆی و پەرەپێدانی بە ناکۆکی و ئاڵۆزییەکان پەیرەو دەکات.
ناوبراو پیرۆزبایی ئەندامبوونی ئێرانی لە گرووپی برێکس کرد و وتی کە جیهان بەرەو گۆڕانکاری دەڕوات و ئەوەی سوریا و ئێران لە پێناویدا خۆڕاگرییان کردووە، درووست بووە./.