سەید ئەحمەد بەرزنجی سەرپەرشتیاری سەنتەری ڕۆشنبیری – کۆمەڵایەتی ساداتی بەرزنجی، لە وتووێژی تایبەت لە گەڵ دەزگای میدیایی جام کوردی، وتی کە ئێمە لە ساڵی 1992 و گەڕانەوەمان بۆ شارەکان و چۆڵکردنی شارەکان لە لایەن دامودەزگاکانی حکومەتی بەعسەوە، لە بەرزنجە عاشورامان بۆ یەکەم جار لە کوردستان زیندوو کردەوە و خەڵکانێکی زۆر بەشدارییان لە یادی عاشورادا کرد و لەو کاتەشەوە تا ئێستا ساڵ بە ساڵ یادەکە بەرز ڕادەگرین و نەک تەنیا خەڵکی شێعە، بەڵکوو زۆربەی خەڵکی ئێرە سوننە و لە سەر مەزهەبی ئیمامی شافعین و ئەوانیش بەشداری لە یادی عاشورا دەکەن.
ناوبراو وتی: پەیوەندی بە ئالوبەیت و خۆشویستنی ئەوان بە پێی فەرموودەکانی پێغەمبەری گەورەی ئیسلام (د.خ) واجبی سەر شانی هەموو موسڵمانێکە، چ سوننە بێت یان شێعە. ئێمە ماوەی 30 ساڵە لە بەرزنجە ئەم یادە بەرز ڕادەگرین و چەند ساڵیکیشە زیارەتکاران لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) سەردانی کەربەلا دەکەن. ئەمە لە ڕووی چالاکی مەزهەبییەوە لە لایەن سادات و بەرزنجەوە، لە ڕووی دیکەوە وەک یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هەموو کات پەیوەندی دۆستانەی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و لایەنەکانی شێعەی عێراق هەبووە و جەنابی خوالێخۆشبوو مام جەلال گرنگییەکی زۆریان بە دۆستایەتی نێوان کورد و شێعە داوە. کردنەوەی حوسێنییەکەی سلێمانیش لە سەر هەمان تێڕوانینی جەنابی مام جەلال بووە و هەنگاوێکی دیکە بووە بۆ پتەوکردنی پەیوەندی لە گەڵ شێعەکان.
سەید ئەحمەد بەرزنجی لە درێژەدا وتی: بە درێژایی زیاتر لە 30 ساڵی ڕابردوو و پاش ڕاپەڕین، بە هۆی بوونی ئازادییەوە بۆ هەموو چین و توێژێک، فیکری شێعەش بڵاو بووەتەوە. پاش ئازادی کوردستان بە هۆی دۆستایەتی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و مەرجەکانی شێعە، بواری ڕۆشنبیری شێعە پەرەی سەندووە و کورد لە ڕاستییەکانی ئالوبەیت تێگەیشتووە کە پێشتر بە هۆی زوڵم و زۆری حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق ئەو بوارەی بۆ نەڕەخسابوو.
سەرپەرشتیاری سەنتەری ڕۆشنبیری – کۆمەڵایەتی ساداتی بەرزنجی بە ئاماژە بە پێشوازیی حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان لە زیارەتکارانی ئێرانیی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع)، وتی: ئێمە وەک ساداتی بەرزنجە لە شاری کەربەلای پیرۆز ناوەندێکمان بۆ هاوکاریکردن و خزمەت گەیاندن بە خەڵک و زیارەتکارانی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) کردووەتەوە و لە سلێمانیش هەمان خزمەتکردن بەردەوامە و لە سەر ڕێگەی بەرزنجە پێشوازی لە میوان و زیارەتکارە ئێرانییەکان دەکەین. ئامانجەکەش ئەوەیە کە بسەلمێنین کوردیش وەک نەتەوەکانی دیکە ئالوبەیت و ئیمام حوسێن (ع) ی خۆش دەوێت و دەمانەوێت سوود لە مەنهەجی ئەو ئیمامە گەورەیە وەربگرین و لە سلێمانیش لە تەکیەی کەسنەزانی لە لایەن شێخ نەهرۆ کەسنەزانییەوە پێشوازی لە میوانان و زیارەتکارانی ئێرانی دەکرێت.
سەید ئەحمەد بەرزنجی لە کۆتاییدا وتی: ئەوەی کە لە سنوری سلێمانی ئاسانکاری بۆ هاتنی زیارەتکاران دەکات و هاوکاری ئەوان دەکات، یەکێتی نیشتمانی کوردستانە و لە سەر فەرمان و ڕێنماییەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانییە و پیشاندەری پرۆژە و نەخشەی یەکێتییە بۆ پێکەوەژیان و پەیوەندی ئاشتیانەی نێوان ئائین و مەزهەب و پێکهاتەکان. ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لە سەر پەیوەندییەکان بە تایبەت پەیوەندییە ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەکان دەبێت و بە هەنگاوێک بۆ برایەتی دەیزانین. ئێمە ئێران بە وڵاتێکی خاوەن شارستانیەت و کەلتوری دەوڵەمەند دەزانین و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش حکومەتێکی سەربەخۆیە کە بەسراوەی هیچ لایەنێک نییە و ئێمە دەمانەوێت سوود لەم پەیوەندییە وەربگرین.
وتووێژ: ڕەزا ڕەحمەتیان