بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ئەمڕۆ چوارشەممە 30 ی ئابی 2023 لە چاوپێکەوتنی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەندامانی کابینەکەی، وێڕای ستایشکردنی کارنامەی باش و هەنگاوە بەهێزەکانی حکومەت لە بەشە جیاجیاکان بە تایبەت کاری ژێرخانی، بەرزبوونەوەی پێوەرەکانی گەشەی ئابوری و سیاسەتی دەرەوە، وتیان: سەرەڕای کارە گرنگەکانی حکومەت، بەداخەوە کە کێشە و گرفتی ژیانی خەڵک بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەو کارانە لە بەرچاودا نەبێت و پێویستە ڕێژەی هەڵئاوسان لە زووترین کاتدا دابەزێت و دادپەروەری، کەمبوونەوەی جیاوازی چینایەتی، سەقامگیری بازاڕ، سەقامگیری بازاڕی دراو و گەشەی وەبەرهێنان وەک پێوەرە گرنگەکانی سەرجەم کار و بڕیارەکانی حکومەت لە پلانی حەوتەمی گەشەپێدانی وڵات لە بەرچاو بگیردرێت.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لەو چاوپێکەوتنەدا کە بە بۆنەی ساڵڕۆژی شەهیدبوونی شەهیدان ڕەجانیی و باهونەر و هەفتەی دەوڵەت ڕێکخرابوو، وتیان: ئەندامبوونی ئێران لە دوو پەیمانی نێودەوڵەتی زۆر هەنگاوێکی گرنگ بووە کە پیشان دەدات وڵات لە بارودۆخێکدایە کە ڕێکخراوەکان و دامەزرێنەرانی پەیمانە نێودەوڵەتییەکان خوازیاری پەیوەندین لە گەڵ ئێران و بە پێی لێکدانەوەکانی خۆیان و بە گرنگیدان بە ڕاستییەکانی ئێران، پەیوەندی لە گەڵ وڵاتی ئێمە بە گرنگ دەزانن.
بەڕێزیان پاڵپشتی لە وەبەرهێنان و چارەسەرکردنی بەربەستەکانی بەردەم وەبەرهێنەرانیان بە دوو ڕێکاری بنەڕەتی بۆ گەشەی وەبەرهێنان ناو برد و وتیان: پاڵپشتی یاسایی، ئاسانتربوونی چالاکی وەبەرهێنان، پاڵپشتی دارایی و دابینکردنی سەرچاوەکان لە ئاستێکدا کە ئەرکی حکومەتە و پاڵپشتی ڕۆشنبیری، واتە هاندانی خەڵک بۆ بەکارهێنانی کاڵا و بەرهەمی ناوخۆیی لە گرنگترین ڕێگاکانی گەشەی وەبەرهێنانە.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی بە ئاماژە بە هەندێک خوێندنەوەی هەڵە کە هاوکاری نێودەوڵەتی تەنیا لە بوونی پەیوەندی لە گەڵ چەندین وڵاتی ڕۆژئاوادا دەزانن، وتیان: ئەم تێڕوانینە هەڵەیە پەیوەندی بە 100 ساڵی پێشەوە هەیە کە لەو کاتەدا تەنیا چەند وڵاتی ئەورووپی ئیش و کاری جیهانیان بە دەستەوە بوو، بەڵام ئەمڕۆ ئەو تێڕوانینە کاری لە سەر ناکرێت و پەیوەندی لە گەڵ جیهان بە واتای پەیوەندی لە گەڵ ئەفریقا، ئەمریکای باشور و ئاسیایە کە سەرچاوەی گەورەی سەرمایەی مرۆیی و سرووشتین، وێڕای ئەوەی کە بنەمای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بەرژەوەندییەکان و سەروەری نیشتمانییە و لە پەیوەندییەکاندا نابێت خۆزاڵکردن و بەسراوەبوون ببینرێت./.