بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران سەردانی سوریای کرد. پێشتر ڕاگەێندرا کە وەزیری دەرەوەی ئێران سەرەتا سەردانی لوبنان دەکات و لە بەیروتەوە دەگاتە دیمەشق بەڵام ئەمیر عەبدوڵڵاهیان سەردانەکەی دیمەشقی خستە پێشەوەی سەردانەکەی بۆ لوبنان.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە کۆبوونەوەی لە گەڵ حوسێن عەرنوس سەرۆک وەزیرانی سوریا، ڕایگەیاند کە سوریا دۆست، برا و هاوپەیمانی ئێرانە و ئێرانیش دۆستی سەردەمە سەخت و دژوارەکانی سوریایە.
وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوونەوەکانی پێشووی هەر دوو سەرۆک کۆمار لە دیمەشق و ڕێکەوتنەکانی هەر دوو لای بە پیشاندەری ئیرادەی باڵای تاران و دیمەشق بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان ناو برد.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ڕایگەیاند کە واژۆکردنی ڕێکەوتنی گشتی هاوکارییەکان لە میانەی سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دیمەشق، نەخشەڕێگای هاوکارییەکانی هەر دوو وڵاتە کە دەتوانێت ئاسانکاری لە بوارە جیاجیاکاندا بکات.
سەرۆک وەزیرانی سوریاش ڕایگەیاند کە گەل و حکومەتی وڵاتەکەی سوپاسی هاوکارییەکانی ئێران دەکەن و وتی کە پەیوەندییەکانی دیمەشق و تاران ڕیشەیی، برایانە و دۆستانەیە و شانازی بەم پەیوەندییانەوە دەکەین./.