بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە سەردەمی پیریدا بەساڵاچووان بە هۆی کاتی ئازادتر و دابەزینی چالاکی ڕۆژانە، پێویستیان بە کاتی زیاتر بۆ پشوودان و خەوتن هەیە بەڵام نەخۆشییەکان و کێشە تەندرووستییەکانیش لەم سەردەمەدا زۆرن و بۆ باشتربوونی دۆخی تەندرووستی جەستە و دەروون، بەساڵاچووان پێویستی زیاتریان بە پشوودان و خەوتن هەیە.
خواردنی دەرمانەکان بۆ چارەسەربوونی نەخۆشییەکان پێویستە بەڵام کاریگەری لاوەکیی وەک خەواڵوبوون و سەرگێژە لە بەساڵاچووەکاندا باوە. لە ئەگەری بوونی وەها حاڵەتێک باشترە سەردانی پزیشک بکرێت تا لە ئەگەری پێویستبوون دەرمانی دیکە دیاری بکات. بە گشتی دەبێت گرنگی بە پێداویستی خەوتن و پشوودانی بەساڵاچووان بدرێت و ئەگەر زۆر خەوتن لەواندا بینرا هەوڵی چارەسەرکردنی بدەن.
هۆکارەکانی زۆرخەوتنی بەساڵاچووان
خەوتنی زۆر لە کەسانی بەساڵاچوو یەکێک لە کێشە باوەکی ئەم سەردەمەیە و چەندین هۆکار بۆ ئەمەش بوونی هەیە، وەک:
گۆڕانکاری لە سیستەمی خەوتن
بە پیربوون سیستەمی خەوتن تووشی گۆڕانکاری دەبێت و چالاکی و کرداری بەساڵاچووان لە ڕۆژ و شەودا کەم دەبێت و ئەمەش دەبێتە هۆی زۆر خەوتن.
کێشە تەندرووستییەکان
هەندێک لە نەخۆشییەکان و دۆخی تەندرووستی وەک خەمۆکی و دڵەڕاوکێ، نەخۆشییەکانی دڵ و جگەر و ….. دەتوانن هۆکاری زۆر خەوتن لە کەسانی بەساڵاچوودا بن.
دەرمانەکان و بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان
بەکارهێنانی هەندێک لە دەرمانەکان دەبێتە هۆکاری زۆر خەوتنی بەساڵاچووان. هەندێک دەرمانی وەک ئازارشکێنەکان کاریگەری زۆریان لە سەر خەو هەیە.
کەمبوونی چالاکییەکان
کەمبوونی چالاکییەکان و شێوازی ژیانی نیمچە چالاک لە بەساڵاچووان دەتوانێت خەوتنی زۆری بە دواوە بێت. نەبوونی چالاکی و جوڵەی گونجاو دەتوانێت بە درێژایی ڕۆژ هۆکاری خەوتن بێت.
زیانەکانی زۆر خەوتنی بەساڵاچووان
بەشێک لە بەساڵاچووان سەرەڕای خەوتنی زۆر هێشتا هەست بە ماندووێتی دەکەن و توانای ئەوەیان نییە بۆ ماوەیەک جوڵە و چالاکییان هەبێت. هەندێک لەوان کێشەی جوڵەیان هەیە و ڕەنگە خەوتنی زۆر ئەم کێشەیە زیاتر بکات. خەوتنی زۆر بە گشتی هۆکارێکی سەرەکییە بۆ کەمبوونی چالاکی جەستەیی لە بەساڵاچووان و دەتوانێت چەندین کێشەی وەک قەڵەوی، شەکرە، پەستانی خوێن و بەردی گورچیلەی بە دواوە بێت.
پەیوەندی نێوان خەوتنی زۆر و ئەلزەهایمەر لە بەساڵاچووان
نەخۆشی بیرچوونەوە یان ئەلزەهایمەر لە بەساڵاچوواندا دەتوانێت هۆکاریێک بۆ خەوتنی زۆر بێت. بۆ ڕێگری لە وەها نەخۆشییەک دەبێت بە هەستیارییەوە لە هەر گۆڕانکارییەک لە ڕێژەی خەوتنی بەساڵاچوواندا بڕوانین و هۆکارەکەی تاوتوێ و چارەسەر بکەین./.