بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دەریاچەی زرێوار بە ئاوە شیرین و تایبەتمەندییەکانی خۆی لە ڕیزی دەریاچە دەگمەنەکانی ئێران و جیهاندایە. زرێوار هەروەها شوێنی ژیانی باڵەندە و گیانلەبەرەکانی دیکەیە و لە ڕیزی میراتی سرووشتیی ئێراندا بە فەرمی ناوی تۆمار کراوە.
دەریاچەی زرێوار لە پارێزگای کوردستان و 3 کیلۆمەتری شاری مەریوانە و یەکێک لە گەورەترین دەریاچەکانی ئاوی شیرینی ئێرانە و بە یەکێک لە بەناوبانگترین و جوانترین ڕاکێشیگەلی سرووشتی لە ڕۆژئاوای ئێران دادەنرێت.
بەرزی دەریاچەی زرێوار لە ئاستی دەریا 1285 مەترە و چواردەوری سرووشتێکی کەم وێنەی هەیە. درێژایی دەریاچەکە 5 و پانتاییەکەی 1 کیلۆمەتر و 600 مەترە و قووڵاییەکەی بە شێوازی مامناوەند لە نێوان 2 تا 5 و نیو مەترە و ئەمەش وایکردووە کە بۆ هاتووچۆی بەلەمەکان شوێنێکی گونجاو بێت.
ئاوی دەریاچەی زرێوار لە کانیاوەکانی ناو دەریاچەکە و هەروەها لە بەفر و بارانی ناوچەکە دابین دەکرێت.
ئەم دەریاچەیە بە هۆی بوونی گیانلەبەرەکان لە لایەن ڕێکخراوی ژینگەپارێزیی ئێرانەوە گرنگییەکی تایبەتی پێدەدرێت.
لە وەرزی بەهار و هاویندا مەریوان بە بۆنەی زرێوارەوە پێشوازی لە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران دەکات و ناوبانگێکی زۆری بەم شارە و ناوچەکە بە گشتی بەخشیوە./.