بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئالی سانی سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر وتی کە هەڵوێستی ئێمە لە بەرامبەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ تەل ئەبیب وەک خۆی ماوەتەوە.
ناوبراو سەبارەت بە ئەگەری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعوودیە و ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: ئێمە بە فەرمی شتێکمان لە سەر ئەو بابەتە نەبینیوە و قەتەر هەڵوێستی نەگۆڕی خۆیی هەیە و ئەوەیە کە بڕیارەکانی سیاسەتی دەرەوەی هەر وڵاتێکی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس بە پێی هەڵسەنگاندنی تایبەتی ئەو وڵاتەوە دەبێت.
ئالی سانی وتی: قەتەر پێی وایە کە باشترین ڕێگاچارە، دەستپێشخەری ئاشتی عەرەبییە کە سعوودیە لە ساڵی 2001 سەرکردایەتی کردووە، ڕێکەوتنێک کە پێشنیاری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی جیهانی عەرەب و ئیسرائیلی لە بەرامبەر کشانەوەی زایۆنیستەکان لە کەرتی خۆرئاوا، غەززە و بەرزاییەکانی جۆلان خستووەتەڕوو و موڵەتی دامەزراندنی وڵاتی سەربەخۆی فەڵەستین دەدات.
ناوبراو وتی: ئێمە شەڕمان لە گەڵ ئیسرائیل نییە. ئیسرائیل خاکی فەڵەستینییەکانی داگیر کردووە، هەر بۆیە رێکەوتنی نێوان وڵاتێکی عەرەبی و ئیسرائیل بە واتای ئاشتی نییە، سەرەڕای ئەمەش ئاشتی دەتوانێت لە نێوان ئەوان و فەڵەستینییەکاندا باشتر بەدی بکرێت.
وەزیری دەرەوەی قەتەر وتی: هیچ پەیوەندییەکی دیپلۆماسی لە نێوان دەوحە و تەل ئەبیبدا نییە و تەنیا لە ساڵی 2022 بۆ بەشداری دانیشتووانی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین لە مۆندیالی قەتەر، هەر دوو لا هاوکارییان هەبووە./.