بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند کە ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئەم وڵاتە لە گەڵ چین لە ساڵی 2022 زیاتر لە 48 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە.
عێراق و چین لە 25 ی ئابی 1958 تا ئێستا پەیوەندی دووقۆڵییان هەیە.
عێراق لە سێ مانگەی یەکەمی ئەمساڵ 12 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لە گەڵ چین هەبووە کە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 5.4 گەشەی هەبووە و بەمەش پلەی سێهەمی لە نێو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە.
ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی عێراق و چین لە شەش مانگەی یەکەمی ئەمساڵیش 24 ملیار و 160 ملیۆن دۆلار بووە.
ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی چین و وڵاتانی جیهان لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2023 گەیشتووەتە 2 ترلیۆن و 900 ملیار دۆلار. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەم ڕێژەیە لە شەش مانگەی یەکەمی ساڵی ڕابردوو 3 ترلیۆن و 6 ملیار دۆلار بووە و دابەزینی لە سەدا 4.76 ی تۆمار کردووە./.