ئەنجومەنی وەزیرانی عەرەبستانی سعوودی لە کۆبوونەوەی ئەم دواییانەی کابینەی ڕیاز کە لە کوشکی “ئەلسەلام”ی شاری جەدە بەڕێوەچوو، باسیان لەسەر دەسپێکی دووبارە و بەربڵاوی پەیوەندیەکانی نێوان خۆیان و کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە.
بە پێی ڕاپۆرتی هەوڵنێری فەرمی عەرەبستانی سعوودی (واس)، کابینەی ڕیاز لەو کۆبوونەوەدا، جێبەجێکارییەکان و جۆری بەڕێوەبردنی ڕێککەوتن و دەسپێکی پەیوەندییە دیپلۆماتیکەکانی نێوان عەرەبستانی سعوودی و کۆماری ئیسلامی ئێرانیان خستە بەر لێکدانەوە، لەوانە دەسپێکی کار و باری باڵوێزەکانی هەر دوو وڵاتەکە و ڕایشیگەیاند تامەزرۆی دەسپێکردنی پەیوەندی نوێ دەکات لەگەڵ وڵاتی ئێران و لەسەر بنەمای ڕێزی دوولایان و هەروەها پاراستنی قازانجی هاوبەش.
دەسپێکی دووبارەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عەرەبستانی سعوودی لە حاڵێکدا لە کۆبوونەوەی کابینەی عەرەبستان خرایە بەر باس و لێکدانەوە کە حوسەینی ئەمیر عەبدوڵاهی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕۆژی پێنجشەمە بەرواری 17ی ئاب و پاش بانگهێشتی هاوتا سعوودییەکەی خۆی گەیشتە وڵاتی عەرەبستان.
لەو سەفەرەدا ئەمیر عەبدوڵڵەهیان لەگەڵ “موحەمەد بن سلمان” جێنشینی پاشای سعوودیە کۆ بوویەوە. لەو دیدار و دانیشتنەدا سەرەڕای لێدوان لەسەر ئاڵ و گۆڕی ناوچەکە و هەوڵ و تێکۆشان لەو بوارەدا، پەیوەندییەکانی دوولایانەی نێوان عەرەبستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، دەرفەتەکانی هاوکاری نێوان هەر دوو وڵاتەکە بۆ پەرەسەندنەوەی زیاتر خرایە بەر باس و لێکدانەوە.
سەفەری ئەمیر عەبدوڵڵەهیان وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ ڕیاز و بە هۆی گرنگی نزیک بوونەوەی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو وڵاتەکە، ڕەنگدانەوەی بەربڵاوێکی لە جیهاندا بووە و شارەزاکان لەو باوەڕەدان کە دیدار و وتووێژی ناوبراو بۆ یەکەمجار لەگەڵ جێنشینی پاشای عەرەبستان بە واتای بەرز بوونەوەی ئاستی پەیوەندیەکانی نێوان ئێران و عەرەبستانی سعوودییە.