بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە دوایین کۆبوونەوەی لوتکەی گرووپی برێکس، 6 وڵات بە تایبەت سێ وڵاتی عەرەبی سعوودیە، ئیمارات و میسر بوونە ئەندامی ئەم گرووپە.
عەبدوڵڵا بن تەوق ئەلمەری وەزیری ئابوری ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی جەختیکردەوە کە ئەندامبوونی ئەم وڵاتە لە گرووپی برێکس ئاسۆی پەرەپێدانی گەورەی بە پێی بەشداریی ژمارەیەک لە خێراترین ئابورییەکانی جیهان بۆ دابین دەکات.
ناوبراو وتی کە ئەم ئەندامبوونە دەتوانێت دەرفەتی گەورەی ئابوری، بازرگانی و وەبەرهێنان دابین بکات کە نەک تەنیا ئاسۆی بەردەم ئابوری وڵاتانی ئەندام لە گرووپی برێکس، بەڵکوو کۆی گشتی ئابوری جیهان بەرەو گۆڕانکاری دەبات.
وتیشی کە برێکس کەشێکی نوێی هاوکاری ئابوری و بازرگانی لە بازاڕە جیهانییەکان دابین دەکات، دەرفەتی نوێی سەرمایەگوزاری دەکاتەوە و ئاسانکاری بۆ پەیوەندییەکان دەکات کە ئەمەش یارمەتیدەری گەشەی بەردەوامی ئابوری ئیمارات دەبێت و ڕۆڵی ئەرێنی و کاریگەری ئەم وڵاتە لە گۆڕەپانی ئابوری جیهان بەهێزتر دەکات./.