بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڤیاچسڵاو ڤلۆدین سەرۆکی پەرلەمانی ڕووسیا لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی گەورەترین ئابوریی ئەورووپایە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە ئەمریکا، وڵاتانی ڕۆژئاوا و شوێنکەوتووانی ئەوان 17 هەزار و 500 جۆرە سزا و گەمارۆیان لە دژی ڕووسیا خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە بەڵام ئەو سزایانە بەرەو خۆیان گەڕاوەتەوە، ئەمریکا سەرکردایەتی ئابوریی جیهانی لە دەست داوە و وڵاتانی ئەورووپیش زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.
وتیشی کە ڕووسیا سەرەڕای ئەو هەموو سزا و بەربەستە بووەتە گەورەترین ئابوریی ئەورووپا لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوو و لە هەندێک بواریشدا لە ڕیزی 5 وڵاتی یەکەمی جیهاندایە.
لە پاش شەڕی ئۆکراینا، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی زنجیرە سزایەکی قورسی ئابورییان بە سەر ڕووسیادا سەپاندووە، ئەگەرجی پێشتریش وڵاتانی ڕۆژئاوا سزای ڕووسیایان دابوو بەڵام بە هۆی قەیرانی ئۆکرایناوە هیچ بوارێکی ئەو وڵاتە نییە کە سزا نەدرابێت./.