بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ساڵح ئەلعاروری لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی کە ئێمە هیچ کات خۆمان بە دەستەوە نادەین و گەلی فەڵەستین پاشەکشە و خۆبەدەستەوەدان ناناسێت.
ناوبراو وتی: هیچ کات ترسێکمان لە هەڕەشەکانی دوژمن نەبووە، ئێمە مافی خۆمانە و خۆڕاگری بژاردەمانە، دۆسیەی فەڵەستین یەکێک لە بنەما نەگۆڕەکان و لە ڕیزی پیرۆزترین بابەتەکانی گەلانی ئیسلامی و عەرەبییە.
ئەو بەرپرسە باڵایەی بزوتنەوەی حەماس وتی: بەرگری لە گەل و پیرۆزییەکانی فەڵەستین تۆمەت نییە بەڵکوو مایەی شانازییە و کردەوە تیرۆریستییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی گەلی ئێمەی بەرەو خۆڕاگری بردووە و هەموو کات ئامادەی خۆڕاگرین لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستی و بەرگری لە خاک و پیرۆزییەکانی خۆمان.
ساڵح ئەلعاروری وتی: دەبێت ئەو شارۆچکەنشینە زایۆنیستەی کە هێرش دەکاتە سەر فەڵەستینییەکان، بکوژرێت و ڕوبەڕوی ئەو هێزە سەربازییانەش ببینەوە کە پاڵپشتی لەوان دەکەن، هەروەها بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر دەسدرێژی و تاوانێکی داگیرکارانی زایۆنیست لە دژی گەلی فەڵەستین، بژاردەی پێویستمان لە بەردەستە.
جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس وتی کە بزوتنەوەی فەتح بەشێکی جیانەکراوی گەلی فەڵەستینە و مێژوویەکی درەوشاوەت لە بواری خەباتدا هەیە و هەزاران شەهیدی پێشکەش کردووە.
ناوبراو لە هەمان کاتدا وتی: هەندێک لایەن لە دەزگا ئەمنییەکانی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین هاوکاریکردن لە گەڵ دوژمنی زایۆنیستی بە باشتر لە خزمەتکردن بە خەڵکی فەڵەستین دەزانن، ئەو لایەنانە هیچ پەیوەندییەکیان بە بزوتنەوەی فەتحەوە نییە. لە گرتووخانەکانی ئەو دەزگایانەدا تەنانەت ئەندامانی فەتح و ئەندامانی گرووپە فەڵەستینییەکانی دیکە دەستبەسەر کراون.
ئەلعاروری وتی: دوژمنی زایۆنیستی هەوڵ دەدات گەلی فەڵەستین لە مێژوو، خاک، ئێستا، داهاتوو و پیرۆزییەکانی دوور و جیا بکاتەوە بەڵام خۆمان بە دەستەوە نادەین و واز لە بنەماکانی خۆمان ناهێنین. ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی دەیەوێت ئێمە ژێردەستە بین یان ئەوەی کە ئێمە ڕیشەکێش بکات بەڵام گەلی فەڵەستینە کە داگیرکاران ڕیشەکێش دەکات و ئەوانیش وەک داگیرکاران و زاڵمانی دیکە بەرەو لەناوچوون دەڕۆن و گەلی فەڵەستین دەمێننەوە.
ساڵح ئەلعاروری بە ئاماژە بە هەڕەشەی سەرکردەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی خۆڕاگری، وتی: ڕۆژێک ئەڤیگدۆر لیبەرمەن وەزیری شەڕی پێشووتری ڕژێمی زایۆنیستی هەڕەشەی تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەب سیاسی بزوتنەوەی حەماسی دەکرد بەڵام ئێستا خراوەتە زبڵدانی مێژووەوە و هەنیە بەردەوامە لە خزمەتکردن بە خەڵک و نیشتمانی فەڵەستین.
ناوبراو وتی: داگیرکاران هەوڵیان دەدا محەممەد زەیف فەرماندەی گشتی کەتیبەکانی قەسام تیرۆر بکەن بەڵام بە یارمەتی خودای گەورە ئەو سەرکەتوووانە دەچێتە قودس و داگیرکاران لە سەر لاپەڕەی مێژوو دەسڕێنەوە.
ئەلعاروری وتی کە هەر دەسدرێژی و سووکایەتییەک بە مزگەوتی ئەقسا دۆخەکە بەرەو شەڕێکی ناوچەیی دەبات.
ئەو بەرپرسەی بزوتنەوەی حەماس وتی کە دڵنیاین لە ئەگەری هەر شەڕێک، شکستێکی گەورە بە سەر ڕژێمی کاتی و داگیرکاری زایۆنیستیدا دەسەپێنین./.