بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە بەیاننامەیەکی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق سەبارەت بە جموجوڵە سەربازییەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا هاتووە کە جموجوڵی کاروانی سەربازیی هێزە داگیرکارەکانی ئەمریکا لە چەندین ناوچەی عێراق بەڵگەی ڕوونە لە سەر پیلانەکانی ئەو وڵاتە بۆ مانەوەی هێزەکانی و بەردەوامیدان بە داگیرکاری.
لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە ئەم هێزانە لە ڕووی ژمارە و چەکەوە زیاتر لەوانەی نین کە ساڵی 2011 لە عێراق ڕوبەڕوی شکست کرانەوە، وێڕای ئەمەش توانا و کاریگەری هێزەکانی خۆڕاگری ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕووی لە زیادبوون کردووە.
حزبوڵڵای عێراق ڕایگەیاندووە کە ئەمریکییەکان دەبێت بزانن کە نمایشی هێز بۆ ئەوان هیچ سوودێکی نییە و ئەگەر خۆڕاگری بڕیار لە سەر خەبات و بەرەنگاربوونەوە بدات پرۆژە و پیلانەکانی ئەوان لە ناوچەکە تووشی شکست دەکات تا عێراق دوایین سەنگەری ئەوان لە جیهانی چەند جەمسەری بێت./.