بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد سەعید ئیروانی باڵیۆز و نێردەی هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تایبەت بە دۆخی سوریا، وتی: تیرۆریزم هێشتا وەک هەڕەشەیەک بۆ سوریا و ناوچەکە ماوەتەوە و ناوەندەکەشی لە ناوچەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی سوریایە، هاتووچۆی ئازادانە و بێ بەربەستی گرووپە تیرۆریستییەکان بە تایبەت داعش بۆ خاکی سوریا و لەو ناوچانەی کە هێزە بیانییەکان بە نایاسایی بوونیان هەیە، هەڕەشەیەکی جیدییە لە سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و جیهان.
ناوبراو وتی: دەسەڵات و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سوریا بە هۆی داگیرکردنی چەند ناوچەیەکی ئەم وڵاتە لە لایەن هێزە بیانییەکانەوە بە شێوازی نایاسایی و هەروەها دەسدرێژییە بەردەوامەکانی ڕژێمی کاتیی زایۆنیستی، پێشێل کراوە و ئەمەش ئێش و ئازارەکانی گەلی سوریای زیاتر کردووە و سزا و گەمارۆ نایاساییەکانیش کاریگەریی لە سەر ژیان و گوزەرانی ئەوان داناوە.
ئیروانی وتی کە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم نابێت بیانوویەک بۆ لاوازکردنی دەسەڵات و یەکپارچەیی خاکی سوریا بێت و کۆماری ئیسلامی ئێران پاڵپشتی لە داوا یاسایی و ڕەواکانی حکومەتی سوریا بۆ کشانەوەی تەواوی هێزە نایاساییە بیانییەکان لە خاکی ئەم وڵاتە دەکات.
ڕاشیگەیاند کە بوونی هێزە نایاساییە بیانییەکان هەلومەرجێکی لەباری بۆ چالاکی گرووپە تیرۆریستییەکان لە ناوخۆی سوریا دابین کردووە./.