بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانەی چاوپێکەوتنی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بەغدا وتی: ئاسایش و سەقامگیری لە ڕیزی گرنگترین پلانەکانی حکومەتی عێراقە و موڵەتی ئەوە بە هیچ لایەن و ڕێکخراوێک بە هەر ناونیشانێک نادرێت کاریگەری لە سەر ئاسایشی عێراق دابنێت یان لە خاکی عێراق وەک سەکۆی هێرشی سەر وڵاتانی دراوسێ کەڵک وەربگرێت و ئەمەش بنەمایەکی ڕوونە کە لە دەستووریشدا هاتووە.
سودانی وتی کە بەغدا لە سەرجەم دۆسیەکاندا بە پێی ڕەچاوکردنی هاوکاری و مافی دراوسێیەتی هەنگاوی ناوە و بە جیدی بیر لە دابینکردنی دەرفەتی باشتر بۆ هاوکاری ئابوری و بازرگانی دەکاتەوە و پرۆژەی ڕێگای گەشەسەندن باشترین نموونەی ئەمەیە.
ناوبراو جەختی لە سەر چالاککردنەوەی هاوکاری زیاتر لە چوارچێوەی کۆمیتەی ئەمنی هاوبەش لە گەڵ تورکیا و ڕێگری لە هەر هەنگاوێکی تاکلایانە کردەوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە تورکیا کرد کە پشکی دادپەروەرانەی ئەم وڵاتە لە ڕوبارە سنورییەکان زیاتر بکات بە تایبەت لە ئێستادا کە ئەم وڵاتە پێشوازی لە ملیۆنان زیارەتکاری ڕێوڕەسمی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) دەکات./.