بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئۆلیور لۆی پەیامنێری کەناڵی 11 ی تەلەفزیۆنی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندووە کە پلانەکانی ئێران لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو لە کەرتی خۆرئاوا بەرهەمدار بووە.
ناوبراو بانگەشەی ئەوەیکردووە کە بەرپرسانی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین بە نیگەرانییەوە لە ڕۆڵی ئێران لە کەرتی خۆرئاوا دەڕوانن.
ئەو پەیامنێرە زایۆنیستە وتی کە ئێران هەوڵێکی بەرچاوی بۆ یەکگرتوویی و هەنگاوی هاوبەشی گرووپە فەڵەستینییەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی لە کەرتی خۆرئاوا هەبووە تا هێز و کاریگەری خۆی لەم ناوچەیە زیاتر بکات.
ناوبراو بانگەشەی ئەوەیکردووە کە لە ئەنجامی هەوڵەکانی ئێران، گواستنەوەی چەک لە ئەردەن بۆ کەرتی خۆرئاوای فەڵەستین زیاتر بووە تا ئەم ناوچەیە پڕچەک بکرێت.
هەروەها کەناڵی 7 ی تەلەفزیۆنی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندووە کە تاران پاڵپشتی سەرەکی حەماس و جیهادی ئیسلامی فەڵەستینە لە کەرتی خۆرئاوا و ئەو هاوبەشییەی کە لە نێوانیاندا دەبینرێت.
کەناڵە زایۆنیستەکە ڕایگەیاندووە کە ئێران نەک تەنیا هەوڵی بەهێزکردنی لایەنە فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە دەدات، بەڵکوو لە ئێستادا بە دابینکردنی بەستێنی هاوکاری هاوبەش لە نێوان حەماس و جیهادی ئیسلامی، ئەم ئامانجە گرنگەی لە کەرتی خۆرئاواش مسۆگەر کردووە./.