بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد کازم ئالی سادق باڵیۆزی ئێران و عەبدولعەزیز شمەری باڵیۆزی سعوودیە لە بەغدا ڕۆژی یەک شەممە 20 ی ئابی 2023 کۆبوونەوە و سەبارەت بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات لە بواری دیپلۆماسی و ئابوری وتووێژیان کرد.
باڵیۆزی ئێران لەو کۆبوونەوەدا جەختیکردەوە کە ڕێوڕەسمەکانی حەج و چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) بەستێنی هاوکاری و پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان گەلانی ئیسلامی دابین دەکات.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزی سعوودیەش وتی کە هەلومەرجی پێویست بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە هاوبەشە ئابورییەکان دابین کراوە.
کۆبوونەوەی نێوان باڵیۆزانی ئێران و سعوودیە لە بەغدا لە کاتێکدا بووە کە حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی پێنج شەممە 17 ی ئابی 2023 بە سەردانێک گەیشتە سعوودیە و لە گەڵ فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوە و محەممەد بن سەلمان جێنشینی ئەو وڵاتە کۆبووە./.